یەکەم کەس بیزانە؛ یانەکانی پرێمەرلیگ چەندیان خەرجکردووە و کام یانە لە قازانجە؟
راپۆرتێکی وردی تۆڕی وەرزشی یاریگا سەبارەت بە مێرکاتۆی زستانەی یاریزانان
یاریگا –
یانەکانی پرێمەرلیگ 372.8 ملیۆن پاوەندیان لە گواستنەوەی یاریزانان لە مێرکاتۆی زستانەدا خەرجکردووە.
بەراورد بە بازاڕی گواستنەوەی ساڵی رابردوو، یانەکانی پرێمەرلیگ دوو ئەوەندە پارەیان خەرجکردووە، چونکە ساڵی رابردوو، خەرجی یانەکان تەنیا 116.2 ملیۆن پاوەند بوو، ئەمەش بەهۆی ترسی یانەکان لە یاسای دارایی خاوێن.
بازاڕی گواستنەوەکان لە دوا 10 رۆژدا تەواو گەرموگوڕ بوو، کاتێک مانچێستەر سیتی، عومەر مەرمووشی لە ئێنتراخت فڕانکفورتەوە بە 63.2 ملیۆن پاوەند گواستەوە.
کام یانە زۆرترینی خەرجکردووە؟
تەنیا 10 یانە بڕی گواستنەوەی یاریزانانیان ئاشکراکردووە، مانچێستەر سیتی لە سەرووی خەرجییەکانەوە دێت.
مان سیتی 176.1 ملیۆن پاوەندی لە گواستنەوەی مەرمووش، نیکۆلاس گۆنزالێز (50 ملیۆن پاوەند. – پۆرتۆ)، عەبدولقادر خوسانۆڤ (33.5 ملیۆن پاوەند – لانس) و ڤیتۆر رێیس (29.4 ملیۆن پاوەند – پالمێراس) خەرجکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، مانچێستەر سیتی هەریەکە لە جومعە با، ریال ڤۆیادۆلید و کریستیان مەکفارلەین، نیویۆرک سیتی گواستەوە، بەبێ ئەوەی بڕی گواستنەوەکە ئاشکرا بکات.
وۆلڤز یەکێکی دیکەیە لەو یانانەی پارەیەکی باشی لە مێرکاتۆی زستانە خەرجکردووە. زەردپۆشەکان 42.6 ملیۆن پاوەندی لە گواستنەوەی ئیمانوێل ئاگبادۆ (16.6 ملیۆن پاوەند – رێمس)، مارشاڵ مونتێسی (16 ملیۆن پاوەند – رێمس) و ناسڕ دجیگا (10 ملیۆن پاوەند – رێد ستار بێلگراد) خەرجکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، برایتن 40 ملیۆن پاوەندی لە گواستنەوەی ستێفانۆس تزیماس (20 ملیۆن پاوەند – نورمبێرگ)، دیێگۆ گۆمێز (11 ملیۆن پاوەند – ئینتەر میلان و ئیران کاشین (9 ملیۆن پاوەند – دێربی کاونتی) خەرجکردووە.
هەروەها مانچێستەر یونایتد 29.6 ملیۆن پاوەند، ئاستۆن ڤیلا 26 ملیۆن پاوەند، ئیپسویچ تاون 24 ملیۆن پاوەند، تۆتنهام 12.5 ملیۆن پاوەند، کریستال پاڵاس 12 ملیۆن پاوەند، بۆرنمس 8.1 ملیۆن پاوەند و لێستەر سیتی 1.9 ملیۆن پاوەند خەرجکردووە.
هەرچەندە ئاستۆن ڤیلا ژمارەیەکی زۆری یاریزانی گواستەوە، بەڵام هێشتا 68 ملیۆن پاوەندی لە گواستنەوەکاندا قازانج کردووە، ئەمەش دوای گواستنەوەی جۆن دوران بەبڕی 64 ملیۆن پاوەند بە نەسڕ، جەیدن فیلۆگێن (20 ملیۆن پاوەند بۆ ئیپسویچ و دیێگۆ کارلۆس بە 10 ملیۆن پاوەند بۆ فەنەرباچێ.
لە بەرامبەردا ئاستۆن ڤیلا تەنیا 26 ملیۆنی لە گواستنەوەی دۆنێڵ ماڵن (بۆڕووسیا دۆرتموند – 20 ملیۆن پاوەند) و ئاندرێس گارسیا (شەش ملیۆن پاوەند – لێڤانتی) خەرجکردووە.
سێ یانە قازانجیان لە گواستنەوەی یاریزانان کردووە؛ چێڵسی 12.5 ملیۆن پاوەند، نیوکاسڵ یونایتد 11 ملیۆن پاوەند و لێستەر سیتی 8.1 ملیۆن پاوەند.
گرانترین یاریزان کێیە؟
گواستنەوەی مەرمووش بەبڕی 63.2 ملیۆن پاوەند، گرانترین گواستنەوەی مێرکاتۆی ئەم زستانەیە بوو. ناوی هەریەکە لە خوسانۆڤ و رێیسی هاوتیمی مەرمووشیش لە گرانترینەکانە.
- عومەر مەرمووش – 63.2 ملیۆن پاوەند
- نیکۆلاس گۆنزالێز – 50 ملیۆن پاوەند
- عەبدولقادر خوسانۆڤ – 35.5 ملیۆن پاوەند
- پاتریک دۆرگو – 29.6 ملیۆن پاوەند
- ڤیتۆر رێیس – 29.4 ملیۆن پاوەند
چەند گرێبەست واژۆ کران؟
لە کۆی گشتی گواستنەوەکاندا، 45 گواستنەوەی هەمیشەیی و خواستن و بەڕێکردن لە پرێمەرلیگ تۆمارکراون.
مانچێستەر سیتی شەش یاریزانی بە هەمیشەیی گواستەوە، ئەمەش پێویستی یانەکە بۆ خۆدەربازکردنی لەم دۆخەی ئێستای پیشاندەدات.
بەگوێرەی داتاکانی ترانسفێر مارکێت، یانەکانی پرێمەرلیگ 242.1 ملیۆن پاوەندی تەواویان (Net) خەرجکردووە، ئەمەش زۆر لە حەوت خولە گەورەکەی ئەوروپا زیاترە.
یانەکانی سعوودیە 117.7 ملیۆن پاوەندیان لە گواستنەوەی یاریزانان خەرجکردووە و پشکی شێریش بەر گواستنەوەی دوران کەوتووە.