تەواو؛ لیڤەرپوول گرێبەستی ئەستێرەیەکی نوێدەکاتەوە
"بڕیاری کۆتایی دراوە"
یاریگا –
لیڤەرپوول گرێبەستی ڤێرجیڵ ڤان دایکی هۆڵەندی نوێدەکاتەوە.
بەرگریکارە هۆڵەندییەکە دوای شەش مانگی دیکە گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول بەسەردەچێت، خاوی هەنگاوەکانی رێدز لە نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە دڵی هاندەرانی یانەکە.
ماوەیەکە لیڤەرپوول و یاریزانەکە گفتوگۆی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیان دەستپێکردووە، یاریزانەکە ئۆفەری فەرمی یانەکەی بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەبەردەستدایە بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی نەداوە.
بەڵام کەمێک لەمەوبەر رۆژنامەی تەلەگراف نوێکارییەکی گفتوگۆی نێوان هەردوو لایەنی بڵاویکردووەتەوە و ئاشکرایکردووە، گفتوگۆی نێوان ڤان دایک و لیڤەرپوول بەرەوپێشچووە، بەرگریکارە هۆڵەندییەکە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نزیکبووەتەوە و
خەریکە دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، هەفتەی رابردوو تۆڕی رێلێڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکرد، ڤان دایک خۆی پێشکەش بە ریال مەدرید کردووە، بەڵام یانە ئیسپانییەکە رەتیکردووەتەوە گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات.
بۆیە پێدەچێت ڤێرجیڵ مانەوە لە یانەکەی خۆی بە باشترین بژاردە بزانێت و دویین ئۆفەری یانەکە یاریزانەکەی بە مانەوە رازی کردبێت.
بەرگریکارە تەمەن 33 ساڵانییەکە لە زستانی 2018 پەیوەندی بە لیڤەرپوول کردووە. لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 296 یاریی بۆ یانەکە کردووە. 25 گۆڵی کردووە و 13 گۆڵیشی دروستکردووە.
نازناوێکی چامپیۆنزلیگ، نازناوێکی پرێمەرلیگ، نازناوێکی جامی جیهانی یانەکان، نازناوێکی جامی سوپەری ئەوروپا، نازناوێکی جامی یەکێتی ئینگڵتەڕا، دوو نازناوی جامی خولی ئینگڵتەڕا و نازناوێکی قەڵغانی ئینگڵتەڕای لەگەڵ رێدز بەدەستهێناوە.