ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

هەموو شتێک بزانە؛ خوان لاپۆرتا چارەنووسی بارسێلۆنا بەرەو کوێ دەبات؟

هەموو هاندەرێکی بارسێلۆنا دەبێ ئەم راپۆرتە تێروتەسەلە بخوێنێتەوە و ئاگاداری ورد و درشتی یانەکەی بێت

Yariga App

یاریگا –

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا لەژێر فشارێکی گەورەدایە، ئەمەش بەهۆی شکستهێنانی لە تۆمارکردنی ناوی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر لە لالیگا.

بەگوێرەی دوایین بڕیار و ئاماژەکان بێت، ئۆلمۆ و ڤیکتۆر ناتوانن بەشداری هیچ یارییەکی ئەم وەرزەی بارسێلۆنا بکەن. یانە کاتالوونییەکە خەریکی دۆزینەوەی رێگە چارەی جیاوازە و تاکە هیوایان، بڕیارێکی ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی ئیسپانیایە.

پرسیار و گومانە گەورەکەی هاندەرانی بارسێلۆنا لە لاپۆرتایە. چۆن مامەڵەی لەگەڵ دۆخی دارایی یانەکەدا کردووە و بۆچی لەم چەند ساڵەدا کێشەکانی چارەسەر نەکردووە، تەنانەت ئێستا بڕیارەکانی کارگێڕی کاریگەرییان لەسەر یاریزانانیش کردووە.

هەڵەکانی لاپۆرتا وایکردووە، چەندین ئەندامی دیاریی یانەکە کە بەشێکیان نیازی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتییان هەیە، بە ئاشکرا باسی شکستەکانی لاپۆرتا و شکستهێنانی لە بەڕێوەبردنی یانەکە دەکەن.

گروپ و کۆمەڵەکانی ئۆپۆزسیۆنی یانەکە باس لە پێشکەشکردنی ”پێشنیازێکی فەرمی لێسەندنەوەی متمانە” لە دەستەی بەڕێوەبەردنی بارسێلۆنا دەکەن. ئەمەش یادەوەری سیناریۆی لادانی جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆمان بر دەخاتەوە، کاتێک لە ساڵی 2020 بەمشێوەیە دوورخرایەوە.

کێ لەم هەوڵانەی دژی بارسێلۆنا بەشدارە؟

لە چەند رۆژی رابردوودا، چەندین کۆمەڵە و گروپی هاندەران بە ئاشکرا ناڕەزایەتی لە دژی سیاسەتەکانی لاپۆرتا دەردەبڕن. بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی ئاتلێتیک، بەشێک لەو کەسایەتییانەی دەیانەوێت ببنە سەرۆکی بارسێلۆنا، لە هەڵمەتەکانی ئێستا تێوەگلاون.

تاوەکو ئێستا گروپی هاندەرانی کۆمپڕۆمیساریس FCB، دیجنیتات بلوگران، ئێل سێنیۆر رامۆن، سیگیمێت FCB، لا رێسیستێنسیا دێل پالاو، سی ئال فوتوور، سووما بارسا، سۆم ئون کڵام، ترانسپێرێنسیا بلوگرانا و ئون کریت ڤالێنت بەشداری هەڵمەتەکەی دژی لاپۆرتا دەکەن.

ڤیکتۆر فۆنت، کێبڕکێکاری هەڵبژاردنەکانی رابردووی بارسێلۆنا، سەرپەرشتی هەڵمەتی گروپی ‘سی ئال فوتوور – Si al Futur’ دەکات.

فۆنت هاودامەزرێنەری کۆمپانیای دێلتا پارتنەرسە، کە کۆمپانیایەکی دارایی تێکنۆلۆجییە و بارەگای سەرەکی لە دوبەیە. لە ساڵی 2020 کۆمپانیای FTIی ئەمریکی کە خاوەنی پشکی کۆمپانیای میدیایی کاتالوونیایە، کۆمپانیاکەی فۆنتی کڕیەوە.

خوان کامپرووبی، گەورە نەوە و نەوەی چەند سەرۆکێکی پێشووتری بارسێلۆنایە، ئێستا سەرپەرشتی گروپی ‘سۆم ئون کلام – Som un Clam’ دەکات. پێشتر بە ئاشکرا حەزی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی بارسێلۆنا دەربڕیوە.

کامپرووبی لە چەند ساڵی رابردوودا وەکو بەڕێوەبەری راوێژکاری گروپی راوێژکاری بۆستن لە پۆرتوگال و ئیسپانیا کاریی کردووە، ئێستا بەڕێوەبەری ئۆپەرەیشنی کۆمپانیای ‘پلەین کۆنسێپتس – Plain Concepts’ی تایبەت بە خزمەتگوازی ئای تییە.

گروپەکانی دیکەی دژبەری سیاسەتەکانی لاپۆرتا بە شێوەیەک لە شێوەکان سەر بە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یاخود ئەو کەسایەتییانەن کە دەیانەوێت شوێنی لاپۆرتا بگرنەوە. بۆ نموونە، سێنیۆر رامۆن ‘El Senyor Ramon’ تینک تانکێکە کار لەسەر برەودان بە شێوازی بەڕێوەبەبردنی یانەکانی وەرزشی دەدات. گروپی سیگیمێنت ‘Seguiment FCB’ بزووتنەوەیەکی کاراییە و لەلایەن گروپی هاندەرانی بارسای ناسراو بە گرادا دی ئانیماسیۆن ‘Grada de Animacion’ پاڵپشتی دەکرێت.

تاوەکو ئێستا چی گووتراوە؟

تەواوی ئەو گرووپانەی یەکیان گرتووە، بەیاننامەیەکی روون و توندیان بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی

دەمانەوێت یانەکە بە شێوازێکی پلانداڕێژراو و کارامەیی بەڕێوەببرێت. دەمانەوێت دەستەی کارگێڕی زۆر نایاب بێت و ئەمە ببینە سەرکردە لە زۆربەی دەستپێشخەریی ئەرێنییەکان. ئەگەر وانەبێت، لە داهاتوودا گروپەکان هەڵوێستی جیاوازییان دەبێت.

بەڵام رەتکردنەوەی راستییەکان و بیرکردنەوە بەم شێوازەی بەگۆڕینی سەرچاوەی پارەکان، کێشەکان چارەسەر دەکرێت؟ ئەمە زۆر لە هەڵسوکەوتی ‘کەسایەتی’ پێگەیشتوو دوورە. چونکە دەبێتە هۆکاری لەدەستدانی هەموو شتێک.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، سێ داواکاری ئاڕاستەی دەستەی کارگێڕی یانەکە کرا

داوای دەستبەجێ دەست لەکارکێشانەوەیان دەکەین، ئەگەر حەزیان لە دەست لەکارکێشانەوە نییە، چونکە پێیان وایە دەبێ گوێ لە ئەندامان بگیرێت، بەڵام دەبێ ئەوەیان لەیاد بێت، کە دەکرێ بە لێسەندنەوەی متمانە ناچار بکرێن.

وەڵام نەدانەوەی پێشنیازی و ئۆفەرەکانی پێشوومان، لەوانەیە وامان لێبکات سیناریۆییەکی نوێ بگرینەبەر، ئەویش کاراکردنی دەنگدان لەسەر لێسەندنەوەی متمانەیە.

کەیسەکە بەرەوکوێ هەنگاودەنێت؟

جیا لە فشاری بەردەوام گروپی هاندەران لەسەر لاپۆرتا و یانەکە، بەڵام دوو کەیسی دیکەش خەریکە گۆمەکە دەشڵەقێنن.

کەیسی ئۆلمۆ و ڤیکتۆر چاوەڕێی دوا بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای وەرزشییە، کە ئەویش سەر بە وەزارەتی وەرزشی ئیسپانیایە. چونکە هەردوو یاریزانەکە ناتوانن بەشداری هیچ یارییەکی ئەم وەرزە بکەن. پێشتر دادگای باڵا، تانەی بارسێلۆنا بۆ تۆمارکردنی ناوی هەردوو یاریزانەکە لە لایگا رەتکردەوە، هەروەها لالیگا و یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا لە دژی تۆمارکردنی ناوی دوو یاریزانەکە وەستاونەتەوە.

کەیسی دووەمیش تایبەتە بە تیمی باسکەی بارسێلۆنا.

تۆماس هیورتێل، یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا

لە چەند رۆژی رابردوودا، بارسێلۆنا لە دووبارە گواستنەوەی تۆماس هیورتێل، یاریزانی باسکەی فەڕەنسی نزیکبوو. یاریزانەکە لە ساڵانی نێوان 2017 تاوەکو 2021 یاریی بۆ باسکەی بارسێلۆنا کرد، بەڵام لە دۆخێکی پڕ ئازار یانەکەی جێهێشت.

لە دیسێمبەر/کانوونی یەکەمی ساڵی 2020، شاندی باسکەی بارسێلۆنا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیمی ئانادۆڵو ئێڤیس گەشتی ئیستانبووڵی کرد. بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیاندا، هیورتێلیان لە فڕۆکەخانە جێهێشت و رێگەیان نەدا لەگەڵیان بۆ فڕۆکە سەرکەوێت.

لە کاتی گەڕانەوەیاندا، لە سەرچاوەیەکی تایبەت ئاگادارکرانەوە، یاریزانە فەڕەنسییەکە خەریکی گفتوگۆییە لەگەڵ ریال مەرید و پلانیان داڕێشتووە، بەخۆڕایی پەیوەندی بە یانە مەدریدییەکەوە بکات.

بەڵام دوای هەڵوەشاندنەوەی پلانەکەی، هیورتێل بە ناچاری پەیوەندی بە یانەی ASVELی فەڕەنسی کرد، بەڵام لە وەرزی دواتر، پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد. بەهۆی ئەم رووداوانە، گەڕانەوەی بۆ بارسا بە مەحاڵ دەبیندرا، بەڵام لە چەند هەفتەی رابردوودا هەوڵی رازیکردنیاندا، جارێکی دیکە بگەڕێتەوە یانە کاتالوونییەکە، تاوەکو شوێنی راوول نێتۆ بگرێتەوە. ئەمەش گروپی هاندەرە ناڕازییەکانی تووڕە کردووە و بە هەموو شێوەیەک دژی گەڕانەوەی هیورتێلن.

گروپەکان گومانی گەورەیان لە گرێبەستی بازرگانی نێوان بارسا و کۆمپانیای نایکی هەیە، هەروەها پرسیاری جیدییان لەسەر فرۆشتنی کورسی شوێنی تایبەت ‘VIP’ هەیە و دەیانەوێت بزانن بە کێ فرۆشراوە؟

لاپۆرتا چی دەڵێت؟

لەوەتەی دەستپێکردنی کێشەکانی ئۆلمۆ و ڤیکتۆر، لاپۆرتا هیچ لێدوانێکیدا نەداوە و تەنانەت دەریش نەکەوتووە.

بارسێلۆناش هیچ کۆمێنتی لەسەر بەیاننامەی گروپی هاندەران و دەنگۆکانی میدیاییان نەداوەتەوە.

پێشتر ئەمە روویداوە؟

بارتۆمیۆ، سەرۆکی پێشووی بارسێلۆنا لە ساڵی 2020 متمانەی لێسەندرایەوە، ئەمەش دوای بەرهەڵستییەکی فراوانی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکە.

بارتۆمیۆ زۆر لەلایەن هاندەران و دەستەی کارگێڕی ناخۆشەویست بوو، چونکە لە سەردەمی ئەودا بارسێلۆنا تووشی کێشەی دارایی قووڵ بووەوە، تەنانەت کۆی قەرزەکانی گەیشتە یەک ملیار یۆرۆ، هەروەها لەسەر دەستی بایرن میونشن 8-2 دۆڕا، کە بە شەرمەزارییەکی گەورەی سەردەمی نوێی بارسێلۆنا دادەندرێت.

پێشتر لاپۆرتا ئەمەی بەسەرهاتووە، کاتێک ساڵی 2008ی بەبێ نازناو کۆتایی پێهێنا و یانەکە کەوتە دۆخێکی دارایی قوورسەوە، هەریەکە لە ئۆریۆل گیراڵت و کریستیان کاستێڵڤی، کە دوو ئەندامی دیار و بەناونابگی یانەکەن، هەڵمەتی لێسەندنەوەی متمانەیان لە لاپۆرتا دەستپێکرد.

39 هەزار و 389 ئەندام بەشدارییان لە دەنگدان لەسەر لێسەندنەوەی متمانە لە لاپۆرتا کرد، بەڵام 61% پاڵپشتی مانەوەی لاپۆرتایان کرد و رزگاری بوو. لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆسەکە، هەشت بەڕێوەبەر یانەکە دەستیان لەکارکێشایەوە کە فێران سۆریانۆ، بەڕێوەبەری ئێستای سیتی فووتبۆڵ گروپ (کۆمپانیای سەرپەرشتیکاری مانچێستەر سیتی) یەکێکبوو لەوانەی دەستیان لەکارکێشایەوە.

دوای تەواوبوونی تەواوی کەیسەکە و نشتنەوە تەپ و تۆز، پێپ گواردیۆلا بە بڕیاری لاپۆرتا بووە راهێنەری یانەکە و ئیتر سەردەمێکی نوێی زێڕینی بارسا دەستیپێکرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button