یاریگا –
راهێنەرێکی دیکە لە خولی ئینگلیزی لە کەناری دوورخستنەوەیە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانیەوە.
بەگوێرەی زۆرێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئینگلتەرا و لەنێویاندا سەن، یانەی وێستهام لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بڕیاری دوورخستنەوەی جولێن لۆپێتیگی دەدات.
لۆپێتیگی هاوینی رابردوو لە جێگەی داڤید مۆیس پۆستەکەی لە هامەرز وەرگرت، بەڵام دۆخەکە لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەڕوات و لە 20 یاریی پرێمەرلیگدا لەم وەرزە تەنها 23 خاڵیان کۆکردووەتەوە و لە پلەی 14 دەبینرێن.
بهەر بەپێی زانیارییەکانی سەن، یانە لەندەنییەکە بۆ شوێنگرەوە ئەو راهێنەرە ئیسپانییە لە ئێستاوە گفتوگۆکانی لەگەڵ گراهام پۆتەر دەستپێکردووە کە خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە لە پرێمەرلیگ.
هەینی داهاتوو وێستهام لە میانی یارییەکانی جامی یەکێتی ئینگلتەرا بەرامبەر ئاستۆن ڤیلا یاریی دەکات و سێشەممەی هەفتەی داهاتووش میوانداریی فوڵهام دەکات لە هەفتەی 21ی خولی ئینگلیزی.
رەنگە تا پیش ئەو دوو یارییە وێستهام بڕیاری دوورخستنەوەی جولێن بەفەرمی رابگەیەنێت.