یاریگا –
ڤینیسیۆس جونیۆر جارێکی دیکە لە یاریگای مێستایا بووەوە سەردێری میدیاکان، بەڵام ئەمجارە بەهۆی نادروستی هەڵسوکەوتکردنە.
ئەستێرەی ریال مەدرید لە یاریی رابردووی بەرامبەر ڤالێنسیا بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، ئەمەش دووەم کارتی سووری ڤینییە لە یاریگای مێستایا.
سەرەڕای ئەوەی ریال مەدرید 1-2 یارییەکەی بردەوە، بەڵام ڤینی لە گێمی دووەمدا، کاردانەوەیەکی توندی بەرامبەر ستۆڵ دیمیتریڤسکی، گۆڵپارێزی ڤالێنسیا کرد و لە حاڵەتێکی پڕمشتومڕدا، بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
هەرچەندە رووداوەکە بێ تۆپ بوو، ڤینی بە توندی پاڵی بە گۆڵپارێزەکەوە نا و ئەمەش وایکرد ناوبژیوانی یارییەکە کارتی سووری پێبدات.
سۆتۆ گرادۆ، ناوبژیوانی یارییەکە بەر لە بڕیارەکەی، پەنای بردە بەر ڤار و هەڵسەنگاندنی بۆ رووداوەکە کرد.
رۆژنامەی ئاس لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی باڵای ریال مەدرید زۆر لە بڕیاری ناوبژیوان تووڕەن و داوای گۆڕانکاری بنچینەیی دەکەن.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار نووسیویەتی
بڕوایەکی تەواو لە نێو دەستەی کارگێڕی ریال مەدرید بۆ گۆڕینی تەواوی دامەزراوەی ناوبژیوانانی ئیسپانیا هەیە و داوادەکەن، بە زووترین کات گۆڕانکاری تێدا بکرێت. بەرپرسانی یانەکە پێیان وایە، تاوەکو هەمان دامەزراوە سەرپەرشتی ناوبژیوانان بکات، دادپەروەری لە لالیگا نابێت.
کەی بڕیارەکە دەدرێت؟
لیژنەی پەیوەندیدار بە بڕیاردان لەسەر سزادانی ڤینیسیۆس تاوەکو سێشەممە کۆنابێتەوە.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید پێشبینی سزادانی ڤینیسیۆس بۆ دوو یاریی دەکات، بەڵام لەوانەیە سزاکە بۆ چوار یاریی زیاد بکرێت، ئەگەر بێتو بگاتە دەرەنجامی ئەوەی، رەفتارەکەی ڤینیسیۆس بە کارێکی دوژمنکارانە دابنێت.
راپۆرتی ناوبژیوانی یارییەکە
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ راپۆرتی ناوبژیوانی یارییەکەی بڵاویکردووەتەوە و سۆتۆ گرادۆ لەبارەی بڕیارەکەی دەڵێت، ڤینیسیۆس لەبەر ئەوەی بە ئەنقەست گورزی بەر دەموچاوی یاریزانی رکابەر گەیاندووە، بەبێ ئەوەی تۆپ لە رووداوەکەدا هەبێت.
لە خوولەکی 79دا، یاریزانی ژمارە (7) دی ئۆلیڤێرا دۆ ناسیمێنتۆ، ڤینیسیۆس خۆسێ بەهۆی ئەم هۆکارانەوە کارتی سووری پێدرا: بە ئەنقەست گورزی لە سەری یاریزانی رکابەر داوە، بەبێ ئەوەی ناکۆکی لەسەر تۆپ هەبێت، هێزێکی تەواوی بۆ هێرشەکە بەکارهێناوە.
کاتێک بە کارتی سوور دەرکرا، ئەندامانی یانەکەی ناچاربوون یاریزانەکە بگرن و بیگوازنەوە بۆ ژووری جلگۆڕین، کەچی ئەو هەر ناڕەزایی لە بڕیارەکە دەردەبڕی.