یاریگا –
بارسێلۆنا ئەم کۆتا کاتژمێرانەی ساڵی 2024ی هەروا بە ئاسانی لێناڕوات و ئومێدێکی دیکەی پێدرا سەبارەت بە کەیسی دانی ئۆلمۆ.
دوێنێ دادگای تایبەتمەند له دووەم دادبینی خۆیدا تانەکەی بارسێلۆنای رەتکردەوە بۆ تۆمارکردنی ناوی ئۆلمو بۆ نیوەی دووەمی یارییەکانی ئەم وەرزە. بەوەش یاریزانە ئیسپانیەکە هەر لە یەکەم رۆژی کردنەوەی دەرگای زستانەی بازاڕی گواستنەوە دەبووە یاریزانێکی ئازاد و بارسا مافێکی بەسەرەوە نەدەما. ئەوەش بەگوێرەی رێسا و مەرجێک کە هاوینی رابردوو کاتی گواستنەوەی ناوبراو لە لایپزیگ، بەسەر یانە کەتەلۆنیەکەدا سەپێندرابوو بەهۆی راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان خەرجی و داهات.
بەگوێرەی هەواڵێکی بەپەلە کە موندۆ دیپۆرتیڤۆ و سەرچاوەکانی دیکەش وەک فابریزۆ رۆمانۆ بڵاویان کردووەتەوە، لالیگا 3 رۆژی دیکەی وەک دەرفەت داوە بە بارسێلۆنا تا بتوانێ ناوی ئۆلمۆ تۆماربکات.
دانی خۆی حەز بە مانەوە دەکات لەگەڵ بلاوگرانا. ئەمڕۆ بریکارەکەشی جەختی لەو راستیە کردەوە.