دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانانی یانەکانی کوردستان کرایەوە
28 رۆژ گواستنەوەی یاریزانان لە خولەکانی کوردستان بەردەوام دەبێت
یاریگا –
دەرگای گواستنەوەی زستانە لە نێوان یانەکانی خولەکانی کوردستان کرایەوە و چەند رێنماییەکی تازە لە خولەکان پەیڕەو دەکرێت.
جیاواز لە وەرزەکانی رابردوو، لژنەی پێشبڕکێکان لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بریاریدا بە کردنەوەی دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانان لە 1 _ 1 _ 2025 تاوەکو 28 _ 1 _ 2025 کە ماوەی 28 رۆژ دەخایەنێت، یەکەمجارە لە خولەکانی کوردستان ئەم ماوە درێژە تەرخان دەکرێت بۆ گواستنەوەی زستانەی یاریزانان.
لە وەرزەکانی رابردوو لە نێوان قۆناخی یەکەم و دووەمی خولی نایاب و خولی پلە یەکی کوردستان بۆ ماوەی 15 رۆژ دەرگای گواستنەوەی زستانە بە رووی یاریزاناندا دەکرایەوە.
بریار و رێنمایی لیژنەی پێشبرکێکان لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دەربارەی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان:
کردنەوەی دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانان بۆ هەر دوو خولی نایابی کوردستان و خولی پلە یەکی کوردستان، لە رۆژی چوارشەممە 1 _ 1 _ 2025 دەستپێدەکات تاوەکو بەرواری 28 _ 1 _ 2025 بەردەوام دەبێت، لەم ماوەیەدا یاریزانان لە خولی نایاب بۆ یانەکانی نایاب و لە خولی پلە یەک بۆ یانەکانی پلە یەک و لە خولی نایاب بۆ یانەکانی خولی پلە یەک و بە پێچەوانەوەش لە خولی پلە یەک بۆ یانەکانی نایاب دەتوانن گواستنەوەکە بکەن.
تێبینی: هەر یاریزانێکی خولی نایاب یاخود خولی پلە یەکی کوردستان بیەوێت یاری بۆ یانەیەکی خولی پلە دووی کوردستان یان یانەیەکی پلە سێی کوردستان بکات، ئەوا یاریزانەکە تاوەکو 28 _ 1 _ 2025 پێویستە مافی دەستبەرداربوونەکەی لە یانەکەی وەربگرێت و بیهێنێت بۆ بارەگای یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، بە پێچەوانەوە دوای ئەم بەروارە ناتوانێت یاری بکات.