یاریگا –
تۆڕی وەرزشی یاریگا چارەنووسی یاریی هەولێر و سامەڕا لە جامی عێراق ئاشکرا دەکات، کە گومان هەبوو یارییەکە نەکرێت یان یانەیەکی دیکە لەجیاتی سامەڕا رووبەڕووی هەولێر بێتەوە.
سەرچاوەیەک لە دەستەی کارگێڕی یانەی سامەڕا بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند، ئێمە نەماندەویست بۆ یارییەکەی هەولێر لە قۆناخی 32ـی جامی عێراق گەشت بکەین، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ئاگاداری کردووینەتەوە ئەگەر لەو یارییە ئامادە نەبین بە 40 ملیۆن دینار سزا دەدرێین، بۆیە بڕیارماندا سبەی دووشەممە گەشتی هەولێر بکەین.
سەرەتا دەنگۆ هەبوو سلێخ لەجیاتی سامەڕا رووبەڕووی هەولێر بێتەوە ئەگەر سامەڕا بکشێتەوە، بەڵام دواتر یانەی سامەڕا بڕیارەکەی گۆڕی و لە یارییەکەی سێشەممە دەبێتە میوانی یانەکەی قەڵاومنارە، کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو تیروپشکی قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە بە بەشداریی بەشێک لە یانەکانی خولی ئەستێرەکان و یانە نایابەکان و پلەیەک راکێشرا.
سامەڕا وەرزی رابردوو لە خولی نایابی عێراق دابەزییە ریزی یانە پلە یەکەکان، کە لەم وەرزە لەکۆی حەفت یاری تەنیا دوو بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە سێ یاری یەکسان بووە، بە کۆکردنەوەی نۆ خاڵ لە پلەی شەشەمی کۆمەڵەی یەکەم دێت.
رۆژی سێشەممە لە جامی عێراق، هەولێر لە یاریگای فڕانسۆ هەریری کاتژمێر 17:00 میوانداریی سامەڕا دەکات و یارییەکە دەکرێت.