یاریگا –
لە دۆسییە گەورەکەی نێوانیان، جارێکی دیکە پاریسییەکان بە کیلیان ئێمباپێ دەدۆڕێن.
رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی بڵاویکردووەتەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا تانەکەی پاریس سانجێرمانی رەتکردووەتەوە و دەبێت بە ناچاری 55 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچە و پاداشتی دارایی بە ئەستێرە فەڕەنسییەکە بدەن.
دوو مانگ لەمەوبەر کیلیان ئێمباپێ دۆسیەکەی لە پاریس سانجێرمان بردەوە و بەگوێرەی بڕیاری دادگا یانە فەڕەنسییەکە دەبێت مووچە و شایستە داراییەکانی هێرشبەرە فەڕەنسییەکە بدات. هەر بەگوێرەی سکاڵایەکەی ئێمباپێ مووچەی مانگەکانی چوار و پێنج و شەشی هێرشبەرە فەڕەنسییەکەی نەداوە کە 55 ملیۆن یۆرۆیە.
La FFF rejette la requête du PSG qui devra bien verser 55 millions d'euros à Kylian Mbappé
➡️ https://t.co/uyi7KBW8Ua pic.twitter.com/iKE6ChLFpn— L'ÉQUIPE (@lequipe) November 22, 2024
بەڵام پاریس سانجێرمان ئامادە نەبوو پارەکە بدات. دووپاتیدەکاتەوە، لەڕووی یاساییەوە، گۆڕانکاری بەسەر گرێبەستی کیلیان ئێمباپێدا هاتووە و لە هاوینی ساڵی 2023 کاری پێکراوە. هەر بۆیە تانەیان لە بڕیارەکە دابوو.
بەڵام ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فەرمی تانەکەیان رەتکرایەوە و پێویستە بە زوترین کات پارە قۆرخکراوەکانی کیلیان بدەن، ئەگینا یانەکە لە پاڵەوانێتییەکان دووردەخرێتەوە.
دوای ئەوەی پەیوەندی نێوان ناسر خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان و کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری پێشووی یانەکە تێکچوو، یانە فەڕەنسییەکە پێدانی مووچەی ئەو یاریزانەی راگرت، پاریسییەکان دەڵێن لە مانگی ئۆگەست/ئابی 2023 کیلیان بە زارەکی رەزامەندیی داوە لە پاداشتی هاوسۆزی خۆی خۆش بێت کە 80 ملیۆن یۆرۆ بوو.
کیلیانیش ئەو هەوڵەی پاریسەکانی رەتکردەوە و سکاڵای لەسەر تۆمارکردن. لە کۆتاییشدا کەیسەکە لە بەرژەوەندی هێرشبەرە فەڕەنسییەکە کۆتایی هات.