یاریگا –
جۆزێ مۆرینیۆ چاوی لە گەڕانەوەیە بۆ پرێمەرلیگ و چاودێری دۆخی یانەیەکی ئەو خولە دەکات.
مۆرینیۆ کە هاوینی رابردوو لە ئاڵنگارییەکی نوێدا پۆستی راهێنەرایەتی فەنەرباچێی وەرگرت، دەستپێکی باشی لەگەڵ یانە تورکیەکە نییە و لە خولی ئەو وڵاتە پلەی سێیەمە و لە یۆرۆپالیگیش لە چوار یاریدا تەنها پێنج خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی 21 دێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، راهێنەرە پۆرتوگالییەکە چاوی بڕیوەتە پۆستەکەی ئێدی هاو لە نیوکاسڵ کە ئەم وەرزەی زۆر بە خراپی دەستپێکردووە و لە 10 یاریی پرێمەرلیگدا خاوەنی 15 خاڵیان کۆکردووەتەوە و لە پلەی 11 دەبینرێن و کۆتا 5 یارییش تەنها بردنەوەیەکیان هەیە.
وەک لە سەرچاوە ئینگلیزیەکان بڵاوکراوەتەوە، جۆزێ کە خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە لە خولی ئینگلیزی بە دوو ماوەی جیاواز لەگەڵ چێڵسی، پاشان مانچێستەر یونایتد و کۆتاجاریش تۆتنهام، پێی وایە “کارێکی تەواونەکراو”ی لە خولی ئەو وڵاتە ماوە و یانەی نیوکاسڵیش بە دەرفەتێکی نموونەیی دەزانێ بۆ گەڕانەوەی بۆ پرێمەرلیگ.