یاریگا –
سڤێن گۆران ئێریکسنی سویدی کۆچی دوایی کرد.
گۆران ئێریکسنی سویدی بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەی جۆری کوشندە دەیناڵاند، لە سەرەتای ئەمساڵ ئاشکرایکرد پزیشکەکان ئاگاداریان کردووەتەوە کاتێکی زۆری لەژیان نەماوە. ئەمڕۆ لە تەمەنی 76 ساڵی کۆچی دوایی کرد.
راهێنەرە سویدییەکە لە مۆندیالی 2006 راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئینگڵتەڕای کرد، ساڵی رابردوو بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی تەندرووستی دەستی لە پۆستی بەڕێوبەری وەرزشی کارلستادی سویدی کێشایەوە.
سڤێن گۆران ئێرێکسن لە بەڵگەفیلمێکی ئەم دواییەی ئەمازۆن پڕایم گوتییەتی؛
هیوادارم وەک کەسێکی ئەرێنی بیرم لێبکەنەوە، بەمشێوەیە بیربکەنەوە کە هەوڵی هەموو شتێکی دابێت. نیگەران مەبن، دەم بە خەندە بن. راهێنەران، یاریزانان و هاندەران، سوپاستان دەکەم، ئێوە سەرسووڕهێنەر بوون. ئاگاداری خۆتان و ژیانتان بن. بژین.
جیا لە ئینگڵتەڕا، ئێریکسن راهێنەرایەتی هەریەکە لە یانەکانی لازیۆ، بێنفیکا، گۆتیبۆرگ، رۆما و سامپدۆریای کردووە.
لەگەڵ لازیۆ نازناوێکی سێریا ئەی، نازناوێکی جامی سوپەری ئەوروپا، دوو نازناوی جامی ئیتاڵیا و دوو نازناوی جامی سوپەری ئیتاڵیای بەدەستهێناوە.
لەگەڵ بێنفیکاش سێ نازناوی خولی پۆرتوگالی، نازناوێکی جامی پۆرتوگالی و نازناوێکی جامی سوپەری پۆرتوگالی بەدەستهێناوە، لەگەڵ رۆما و سامپدۆریاش بووەتە پاڵەوانی جامی ئیتاڵیا.
لەگەڵ گۆتیبۆرگی سویدیش نازناوێکی یۆرۆپالیگ، نازناوێکی خولی سوید و دوو نازناوی جامی سویدی بەدەستهێناوە.