یاریگا –
رووداوی نوێ لە ریزەکانی بارسێلۆنا سەریهەڵداوە و ئەستێرەیەکی ئەو یانەیە داوای رۆیشتنی کردووە.
بە هاتنی هانزی فلیک بۆ پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە دوای چاڤی هێرناندێز، چاوەڕوانییەکان بەو ئاراستەیەدابوون بلاوگرانا جۆرێک لە جۆرەکان گەڕابێتەوە کەشێکی ئارام و ئەرێنی لە ریزەکانیدا، بەڵام ئەمشەو سەرچاوەکانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردووەتەوە کە ئیلکای گوندۆگان داوای رۆیشتنی لە یانەکە کردووە. ئەوە سەرەڕای ئەوەی ناوبراو لە وەرزە زۆر خراپەکەی بارسێلۆنادا پارساڵ لە باشترین یاریزانەکان بوو.
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرت کە زانیارییەکەی بڵاوکردووەتەوە، یاریسازە ئەڵمانییەکە داوای رۆیشتنی کردووە. هەر ئەو هۆکارەیشە لە یارییەکەی ئەمشەوی ڤالێنسیا ناوی نەهاتووە، ئەگەرچی وا بڵاوبووەتەوە کە گوایە ئامادەنەبوونی بۆ یەکەم یاریی وەرزەکە بەهۆی ئەو سووکە پێکانەوەیە کە لە جامی خوان گامپەر بەرانبەر مۆناکۆ تووشی هاتبوو.
🔴𝐍𝐎𝐓𝐈𝐂𝐈𝐀 𝐒𝐏𝐎𝐑𝐓 | Ilkay Gündogan ha pedido salir
El centrocampista alemán ha trasladado al club su deseo de abandonar el Barça y pactar una salida antes de finalizar el mercado
✍️ Tomàs Andreuhttps://t.co/lJ9qywGLTy
— Diario SPORT (@sport) August 17, 2024
سەرچاوەکە ئەوەشی زانیوە کە یاریزانە 33 ساڵانەکە بە جۆرێک دەیەوێ بارسا جێبهێڵێ، کە بە فەرمی پێش داخرانی میرکاتۆی هاوینە بابەتەکە رووبدات.
لەلایەکیترەوە لە درێژەی هەواڵەکەی سپۆرتدا هاتووە ناوەڕاستکارە ئەڵمانییەکە یەکێکە لە مووچە بەرزەکانی بارسێلۆنا کە 9 ملیۆن یۆرۆیە لەدوای دەرکردنی باجەکان، ئەگەرچی لە پلانەکانی هانزی فلیکدا پشتیپێدەبەسترێ، بەڵام بۆ رزگاربوون لە خەرجییە زۆرەکان و دابینکردنی پارەی پێویست بۆ گرێبەستی نوێ بەتایبەت تێچووی وەک کڕینی دانی ئۆلمۆ، کارگێڕی یانەکە چوونەدەرەوەی ئیلکایان بە بژاردەیەکی کراوە سەیردەکەن. ئەوە بەتایبەت ئێستا یانەکە ئۆلمۆی بۆ هاتووە و فلیکیش دەیەوێ کار لەسەر لاوەکان بکات بۆ پرۆژەکەی.
گوندۆگان هاوینی رابردوو بە گرێبەستێکی ئازاد لە دوای مانچێستەر سیتیەوە روویکردە بارسا بۆ ماوەی دوو ساڵ. وەرزی رابردوو لە 36 یاری لالیگا توانی 5 گۆڵ تۆماربکات لەگەڵ 9 ئەسیست.