ئه‌وروپائیتاڵیا

بونۆچی تا 2024 گرێبەستەکەی لەگەڵ یوڤێنتوس نوێ کردەوە

یاریگا- لیوناردۆ بۆنوچی تا هاوینی ساڵی 2024 گرێبەستەکەی لەگەڵ یوڤێنتوسدا نوێ کردەوە و وەک خۆشی گوتی، یانەکە بە ماڵی دووەمی خۆی دەزانێت.

لە دوای واژۆکردنی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیان، بەرگریکارە ئیتاڵییەکە چەند لێدوانێکی سەرنجڕاکێشی دا وەک دووپاتکردنەوەی خۆشەویستی خۆی بۆ خانمە پیرەکە و گوتی: “ئەمە بۆ من ڕۆژێکی مێژووییە و ناکرێت هەرگیز لە بیری بکەم. ئەمە خەونێکە و بووە بە ڕاستیی. قەرزاری چاکەی ئانێلی و نێدڤد و هاوڕێیانم و هەموو هاندەران و هەوادارانمم. یوڤێنتوس ماڵی منە، واژۆکردنی ئەم گرێبەستەش دەیسەلمێنێت پۆشینی درێسەکەی چەندە گرنگە لام. دەمەوێت نازناوی زیاتر لەگەڵ یوڤیدا ببەمەوە. دەمانەوێت چامپیۆنزلیگ بەدەست بهێنین. ئەمڕۆ 19ی مانگەی نۆڤەمبەرە، درێسەکەم ژمارە 19ـەیە، ڕۆژبوونی هاوسەرەکەشمە. بۆیە هەرگیز ئەم ڕۆژە لە بیر ناکەم.”

سەرکردەی دڵی بەرگری یوڤی تەمەنی 32 ساڵە، لە وەتەی ساڵی 2010 لە ڕیزەکانی یانەکە یاری دەکات، جگە لەو وەرزی 2017-2018 ڕووی کردە ئەی سی میلان و دواتر گەڕایەوە. ئەگەرچی سەرەتای گەڕانەوەی بۆ بیانکۆری کەوتە بەر هوتاف و قسەی هاندەران، دواتر توانی بە ئاستی بەرزەوە خۆی بسەلمێنێتەوە و لە ئێستادا کاپتنی یانەکەیە لە دوای پێکرانی جیۆرجیۆ کیلینی.

بابەتی زیاتر

Back to top button