کوردستان

دانا کامەران: جگە لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر بۆ هیچ یانەیەکی دیکە یاری ناکەم

دانا کامەران هێرشبەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر سوپاسی سەرۆک و دەستەی کارگێڕی و ڕاهێنەر و یاریزانانی یانەکەی دەکات کەوا هاوکاری بوونە و پاڵپشتی باشیان لێکردووە.

گۆڵکارەکەی وەرزی 2023_2024ـی خولی نایابی کوردستان دەربارەی مانەوە یاخود جێهێشتنی یانەی پێشمەرگەی هەولێر تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگای ڕاگەیاند: لەم نزیکانە دوو یانەی بەشدار لە خولی نایابی کوردستان پەیوەندیان پێوەکردم بۆ ئەوەی گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ بکەم، بەڵام من ڕەتمکردەوە چونکە گەر بڕیارە من لە خولی کوردستان یاری بکەم تەنها بۆ یانەی پێشمەرگەی هەولێر یاری دەکەم چونکە ئەوان زۆر ڕێزی منیان گرتووە و زۆریش هاوکاریان کردووم، هەوڵی من ئەوەیە لەگەڵ یەکێک لە یانەکان گرێبەست واژۆبکەم کە لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق یاری دەکەن کە ئەوە بژاردەی یەکەمی منە وە سوپاسی ئەو یانانەی کوردستانیش دەکەم کە پەیوەندیان پێوە کردووم بەڵام ڕایدەگەیەنم بۆ هیچ یانەیەک یاری ناکەم تەنها پێشمەرگەی هەولێر نەبێت.

دانا دەربارەی گرێبەستی یانەکانی عێڕاق بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا گوتی: چاوەڕوانی کۆتایی هاتنی خولەکەم بۆ ئەوەی بزانم کام یانە گرێبەستم پێشکەش دەکات تاوەکو یاری بۆبکەم، سەرەتای وەرزی ڕابردوو سەمیر بابۆ ڕاهێنەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر پێی ڕاگەیاندم کەوا من توانای یاریکردنم لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق هەیە و هیچم لەو یاریزانانە کەمتر نیە کەلەو خولە یاری دەکەن بۆیە هاوکارێکی باشی من بوو بۆ ئەوەی ببم بە گۆڵکاری خولی نایابی کوردستان.

دەربارەی دەستەی کارگێڕی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دانا کامەران گوتی: سوپاسی سەرۆک و تەواوی دەستەی کارگێڕی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەکەم کە تەواو پاڵپشتی منیان کردووە کەش و هەوایەکی باشیان بۆ ڕەخساندوین ئەوان وایان کردووە هەمیشە ناوی پێشمەرگە لە پێش ناوی خۆشمەوە دابنێم، سوپاسی ڕاهێنەر و یاریدەدەرەکانی و تەواوی یاریزانەکان دەکەم کە زۆر هاوکار و یارمەتیدەری من بوون بۆ ئەوەی بگەم بەو ئاستە.

دانا کامەران بە تۆمارکردنی 18 گۆڵ گۆڵکاری وەرزی ڕابردووی خولی نایابی کوردستان بوو هاوشانی یاریزان یادگار ئیبراهیم لە یانەی سەید سادق بە هەمان ژمارەی گۆڵ.

Back to top button