ئیسپانیایاریگا

چاڤی داوایەکی لە ئاراوخۆ هەیە

یاریگا –

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری بارسێلۆنا، داوای لە رۆناڵد ئاراوخۆ، بەرگریکاری یانەکەی کردووە، ئۆفەرەی بایرن میونشن رەتبکاتەوە و لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە.

بەڕێوبەرانی بایرن میونشن ماوەی چەند مانگێکە بە وردی چاودێری بارودۆخی ئاراوخۆ دەکەن و هیوا دەخوازن بتوانن ئەم یاریزانە بگوازنەوە ریزەکانیان، تەنانەت باس لەوە کرا کە لە گواستنەوەی زستانەدا ئۆفەرێکیان پێشکەش بە بارسێلۆنا کردووە، کە لەلایەن بەڕێوەبەرانی یانەکە رەت کراوەتەوە.

بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا میدیاکانی ئەڵمانی و ئیسپانیا بڵاویان کردەوە کە بایرن میونشن ئۆفەرێکی گرانبەها و سەرنجڕاکێش ئامادە دەکات بۆ گواستنەوەی ئەم بەرگریکارە و رەنگە قورس بێت بۆ بارسا ئەم ئۆفەرە رەت بکاتەوە.

لەهەمانکاتدا پێدەچێت ئەم ئەستێرە ئۆرۆگواییە زۆر دڵخۆش نەبێت بەم ئۆفەرە و وەسوەسەی بۆ دروستبووە درێسی بایرن لەبەر بکات، هەرچەندە هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە بژاردەی یەکەمی ئەو بارسایە. ئەمەش وایکرد چاڤی هەوڵ بدات تاوەکوو یاریزانە بەنرخەکەی لە پێکهاتەکەی بهێڵێتەوە.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردەوە، راهێنەری یانە کاتالۆنییەکە کە دوێنێ بڕیاریدا وەرزی داهاتووش لە سەرکردایەتی ئەم تیپە بەردەوام بێت، داوای لە ئاراوخۆ کردووە پێشنیاری بایرن رەت بکاتەوە و لەم تیپەدا بمێنێتەوە. چاڤی بە ئەم یاریزانە گوتووە کە بۆ وەرزی داهاتوو پێویستی پێیەتی و بڕیارە ڕۆڵێکی گرنگ لە بارسا بگێڕێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button