ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ریال مەدرید کەی دەبێتە پاڵەوانی لالیگا؟

کەتیبەکەی ئانچێلۆتی لە دەستکەوتێکی مێژوویی نزیکە

یاریگا –

بردنەوەکەی ریال مەدرید بەرامبەر بارسێلۆنا لە یاریی ئێل کلاسیکۆ، یانەکەی پایتەختی زۆر لە بەدەستهێنانی 36مین نازناوی لالیگا نزیککردەوە.

کەتیبەکەی کارلۆ ئانچێلۆتی لەسەر رێچکەیەکی دروستدا دەڕوات و نزیکە لە بردنەوەی 36مین نازناوی لالیگا. چونکە کلاسیکۆ جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ بارسێلۆنا بۆ 11 خاڵ بەرزکردەوە.

مەدرید لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگە، براوەی جامی سوپەری ئیسپانیایە و نزیکە لە بردنەوەی لالیگا، واتە مەدرید چاوەڕێی کۆتایی وەرزێکی دراماتیکی دەکات.

تۆڕی وەرزشی یاریگا لەم بابەتەدا وردەکارییەکانی پاڵەوانبوونی لالیگا دەخاتەڕوو.

دۆخی ئێستای لالیگا چۆنە؟

ریال مەدرید بە کۆکردنەوەی 81 خاڵ لە پلەی یەکەمی لالیگا دێت و بارسێلۆنا بە کۆکردنەوەی 70 خاڵ لە پلەی دووەمدایە.

جیڕۆنا بە 68 خاڵ لە پلەی سێیەمدا دێت و هیواکانی بردنەوەی نازناوەکەی زۆر کەمبووەتەوە، بەڵام چاوی لە بەشدارییەکی ئەوروپییە و رەنگە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەشداری چامپیۆنزلیگ بکات. ئاتلێتیکۆ مەدرید بە جیاوازی حەوت خاڵ لەگەڵ جیڕۆنا لە پلەی چوارەمدا دێت، کەچی ئاتلێتیک بیلباو لە پلەی پێنجەمدا دێت و سێ خاڵ لە ئاتلێتیکۆوە دوورە.

لە دوای یاریی کلاسیکۆ، ئانچێلۆتی روونیکردەوە، ئێستا زۆر نزیکترین لە بردنەوەی نازناوەکە، بەو واتایەی، لەڕووی دەروونییەوە کارلۆ یاریزانانی بۆ پاڵەوانبوون ئامادەکردووە.

ریزبەندی لالیگا – ئەپدەیتی 23 نیسان/ئەپریل

یارییەکانی ریال مەدرید لەگەڵ کێن؟

ریال مەدرید، دوور لە یاریگای خۆی بەرامبەر ریال سۆسیداد یاری دەکات، پاشان لە ئالیانز ئارێنا بەرامبەر بایرن میونشن یاری دەکات، شەممەی دوای (4ی مایس/ئایار) ئەو میوانداری کادیز دەکات، دواتر لە بێرنابیۆ (8ی مایس/ئایار) یاری گەڕانەوە بەرامبەر بایرن میونشن دەکات.

لە (12ی مایس/ئایار) دوور لە مەدرید بەرامبەر گرانادا یاری دەکات، پاشان میوانداری دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس دەکات. لە (19ی مایس/ئایار) بەرامبەر ڤیاڕیال و کۆتا یاریش بەرامبەر ریال بێتیس لە (26ی مایس/ئایار) دەکات.

ریال مەدرید هیوایەکی دیکەشی هەیە، بریتییە لە گەیشتن بە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ، کە بڕیارە 1ی یۆنیۆ/حوزەیران لە بێرنابیۆ بەڕێوەبچێت، بەڵام دەبێ سەرەتا لە بایرن بباتەوە.

یارییەکانی بارسێلۆنا لەگەڵ کێن؟

تیمەکەی چاڤی هێرناندێز سێ یاری قورس و یەکلاییکەرەوەی لەبەردەمە. دووشەممە میوانداری ڤالێنسیا دەکات، شەممەی دواتر (4ی مایس/ئایار) دەبێتە میوانی جیڕۆنا، دواتر دوور لە مۆنجویک (12ی مایس/ئایار) دەبێتە میوانی ریال سۆسیداد.

بارسا لە (15ی مایس/ئایار) بەرامبەر ئالمێریا یاری دەکات، لە (19ی مایس/ئایار) میوانداری رایۆ ڤاییکانۆ دەکات و دوا یاریش لە (26ی مایس/ئایار) بەرامبەر سێڤییایە.

کەی ریال مەدرید دەبێتە پاڵەوانی لالیگا؟

بە ئەگەرێکی زۆرەوە، ریال مەدرید چواری مانگی داهاتوو، دەبێتە پاڵەوانی لالیگا.

ئەگەر دوو یاری داهاتوو لە ریال سۆسیداد و کادیز بباتەوە و بارسا خاڵ لە بەرامبەر ڤالێنسیا و جیڕۆنا لەدەستبدات، شەوی شەممە چواری مانگی داهاتوو، لە ناوەڕاستی مەدرید ئاهەنگدەگێڕن.

بەڵام رەنگە پیاوانی ئانچێلۆتی نیوەڕۆی چواری مانگی داهاتوو ببنە پاڵەوان، ئەمەش ئەگەر ریال مەدرید لە سۆسیداد بباتەوە و بارسا بە ڤالێنسیا بدۆڕێت. ئەگەر شەوەکەی یەک خاڵیش بەرامبەر کادیز بەدەستبهێنێت، ئەوا دەبێتە پاڵەوان و جیاوازی خاڵەکانی بۆ 15 خاڵ بەرز دەکاتەوە.

ئەوکاتە بارسێلۆنا پێنج یاری دەمێنێت و ئەگەر هەر پێنج یارییەکە بباتەوە و ریال مەدرید پێنج یارییەکە بدۆڕێنێت، ئەوا هاوخاڵ دەبن و ئەنجامی یاریی نێوانیان یەکلاییدەکاتەوە. ریال مەدریدیش لەم روو باڵادەستە.

بەڵام ئەگەر بارسێلۆنا هەرسێ یاری داهاتووی بردەوە، ریال مەدریدیش بەهەمان شێوە، ئەوا مەدردییەکان لە 12ی مانگ ئەگەر لە گرانادا ببەنەوە، دەبێتە پاڵەوان.

بردنەوەی دوو نازناو چی بۆ ریال دەگەیەنێت؟

بردنەوەی نازناوەکانی لالیگا و چامپیۆنزلیگ بباتەوە، هەرچەندە وەرزێکی سەختییان بەڕێکردووە، چونکە زوو تیبۆ کۆرتوای باشترین گۆڵپارێز و ئیدێر میلیتاو، بەرگریکاری ناوازەی تووشی پێکان بوون، جیا لەوانیش، دەیڤد ئالابا بەهۆی پێکان، تاوەکو ئێستاش نەگەڕاوەتەوە.

17 گۆڵەکەی بێڵینگهام لە لالیگا، یارمەتییەکی زۆری تیمەکەی ئانچێلۆتی داوە، بەڵام گۆڵە یەکلاییکەرەوەکەی بەرامبەر بارسێلۆنا، یانەکەی پایتەختی زۆر لە نازناوەکە نزیککردووەتەوە. ئەمە دەبێتە دووەم نازناوی ئانچێلۆتی لەگەڵ مەدرید، یەکەمجار لە ساڵی 2021 بووە پاڵەوانی لالیگا. وەرزی داهاتوو پێکهاتەکەی کارلۆ پڕچەکتر دەبێت، چونکە ئێندریک دەگوازێتەوە و کیلیان ئێمباپێش زۆر لە لۆس بلانکۆس نزیکە.

بابەتی زیاتر

Back to top button