عێراقکوردستانگرنگترین

ئایا قەتەڕییەکان یانەی زاخۆ دەکڕنەوە؟ ئەمشەو شاندێکی زاخۆ سەردانی قەتەڕ دەکات

یاریگا –

ئەمشەو شاندێکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و یانەی زاخۆ بۆ چەند دیدارێکی وەبەرهێنان و وەرزشی سەردانی قەتەڕ دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و وەرزشی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

دلژار عەدنان، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی زاخۆ لە لێدوانێکیدا بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’ئەمشەو کاتژمێر 10:00 شاندێک بە سەرپەرشتی گۆهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە رێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە سەردانی قەتەڕ دەکات، هەریەکە لە عەمار فەرهاد سەرۆکی یانەی زاخۆ و جگەرخوێن تاهیر بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەشێک دەبن لەو شاندە، کە ئامانجی ئەو سەردانە چەند پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان و وەرزشی دەبێت’.

ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی زاخۆ گوتیشی :’لەو سەردانەدا شاندەکەی زاخۆ لەگەڵ هەریەکە لە وەزیری وەرزش و لاوانی قەتەڕ و سەرۆکی یانەی سەدی قەتەڕی و ئەکادیمیای ئەسپایەر کۆدەبنەوە، ئێمە وەکو یانەی زاخۆ دەمانەوێت سوود لە قەتەڕ وەربگرین بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی وەرزش لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دەمانەوێت هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەکادیمیای ئەسپایەر دروست بکرین و بۆ کردنەوەی ئەکادیمیایەکی تۆپی پێ سوود لەو ئەکادیمیایە جیهانییە وەربگرین، بۆ ئەوەی لە داهاتوو بتوانین زیاتر پشت بە یاریزانانی شارەکەمان ببەستین’.

ئایا قەتەڕ یانەی زاخۆ دەکڕێتەوە؟

لە سۆشیاڵ میدیا و میدیاکان دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە، سەرمایەدارێکی قەتەڕی دەیەوێت بەشێک لە پشکەکانی یانەی زاخۆ بکڕێتەوە  و لەو یانەیە وەبەرهێنان بکات، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان لەوبارەیەوە رەزامەندیی سەرەتایی وەرگیراوە کە یانەی زاخۆ یەکێکە لە یانە پڕهاندەرەکانی عێراق، بەمدواییانە لێکنزیکبوونەوەیەکی بەرچاو لە نێوان قەتەڕ و زاخۆ دروستبووە.

لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق تەڵال بلوشی راهێنەری قەتەڕی راهێنەرایەتی یانەی زاخۆ دەکات و بەردەوام سەرکونسوڵ و باڵیۆزی قەتەڕ لە یارییەکانی زاخۆ لە یاریگای نێودەوڵەتی زاخۆ ئامادە دەبن و سەرسامی خۆیان بە یانەی زاخۆ و هاندەرانی یانەکە دەردەبڕن.

یانەی زاخۆ بەهۆی راهێنەرە قەتەڕییەکەی بەردەوام جێگای گرنگیپێدانی میدیاکانی قەتەڕە و بەمدواییانە کەناڵی ئەلکاسی قەتەڕی ستافێکی تایبەتی ناردە زاخۆ بۆ ئەوەی دۆکیومێنتارییەک لەبارەی یانەکە و هاندەران و شارەکە بەرهەم بهێنێت.

یانەی زاخۆ ساڵی 1987 دامەزراوە و خاوەنی یاریگایەکی نێودەوڵەتییە کە جێگای نزیکەی 20 هەزار هاندەر دەگرێت و یانەکە لەسەر ئاستی تۆپی پێ و باسکە یەکێکە لە باشترین یانەکانی عێراق.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button