ئه‌وروپائیتاڵیا

ڤێرۆنا سزای 10 ساڵ “لێ قەدەغەکردنی یاریگا”ی بەسەر سەرۆکی ئۆڵتراسی یانەکەدا سەپاند

یاریگا- ڕێکارەکان گیراونە بەر لەلایەن یانەی ڤێرۆنا لە لایەک و لیژنەی لێپێچینەوەی یەکێتی تۆپی پێی ئیتاڵیا سەبارەت بە ڕووداوەکانی یاری نێوان ڤێرۆنا و بریشیا لە هەفتەی ڕابردووی خولی ئیتاڵیی، کە تێیدا ماریۆ بالۆتێلی هێرشبەری بریشیا ڕووبەڕووی هوتافی ڕەگەزپەرستانەی هاندەرانی ڤێرۆنا بوویەوە.

سزای ڕاگەیەندراو بۆ سەر یانەکە بریتییە لە داخستنی ئەو بەشەی یاریگاکەیان (بۆ یاری داهاتوو) کە لێوەی دەنگی هاندەرانی ڕەگەزپەرست بەرز بوویەوە و بە هۆیەوە ماریۆ هەڵچوو و بە شەقێک تۆپەکەی گرتە هاندەران.

یانەکەش ئەمڕۆ سزای زیاتر 10 ساڵی سەپاند بەسەر لۆکا کاستێلێنی سەرۆکی ئۆڵتراسی ڤێرۆنادا، لەپای ئەو لێدوانانەی کە لە میانی چاوپێکەوتنێکی ڕادیۆیدا گوتی: “بالۆتێلی هەرگیز %100 ئیتاڵیی نییە.” دواتریش لە فەیسبوکی خۆیەوە ئەو ڕستەیەی دووبارە کردەوە.

یانەی ڤێرۆنا لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا ئەو لێدوانانەی کاستێلینیان بە “پێچەوانەی بنەما ڕەوشتیی و بەهاکانی یانەکە” لە قەڵ دا و ناوبراویان بە ڕێگری لێکردن تا 2030 بۆ نێو یاریگاکەیان، سزا دا.

بابەتی زیاتر

Back to top button