ئه‌وروپاچامپیۆنزلیگگرنگترین

پریڤیوی یاری: هەموو شتێک لەبارەی یارییەکەی بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان بزانە

یاریگا –

ئەمشەو بارسێلۆنا لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ میوانداریی پاریس سانجێرمان دەکات، کە لە یاریی چوون بلاوگرانا لە دەرەوەی یاریگای خۆی 3-2 بردنەوەی بەدەستهێنا.

بارسێلۆنا بە یەکسانبوون و بردنەوە دەگاتە قۆناخی پێش کۆتایی کە لەوێ رووبەڕووی براوەی نێوان ئاتلێتیکۆ مەدرید و بۆڕووسیا دۆرتمۆند دەبێتەوە، پاریس سانجێرمانیش پێویستی بەوەیە بە جیاوازیی دوو گۆڵ یان زیاتر بباتەوە بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە تێبپەڕێنێت.

Image

ئامادەنەبووەکان

بارسێلۆنا: هەریەکە لە ئاندریاس كریستیێنسن و سێرجی رۆبێرتۆ بەهۆی کەلەکەبوونی کارتەکانیان بۆ یارییەکە بەردەست نابن،  گاڤی و باڵدیش هێشتا پێکانیان هەیە و بەردەست نین. پێدری کە لە دوو یاریی رابردوو دوای گەڕانەوەی لە پێکانەکەی وەکو یاریزانی یەدەک بەشداریی کردووە، بۆ ئەم یارییە سەرەکی دەبێت.

پاریس سانجێرمان: ئەشرەف حەکیمی بەرگریکاری مەغریبی کە لە یاریی چوون بەهۆی سزادرانیەوە بێبەش بوو، بۆ ئەم یارییە دەگەڕێتەوە و لە پێکهاتەی سەرەکی دەبێت، بەڵام هێشتا پرێسنێل کێمپێمبی و لایڤین کورزاوا و سێرجیۆ ریکۆ بەردەست نین و لە یارییەکە بێبەش دەبن. نۆردی موکێلی تەواو بەردەست نییە و چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی دەستەی پزیشکی یانەکەی دەکات.

Image

ئەو یاریزانانەی ئەمشەو لەژێر مەترسیدان

بارسێلۆنا: فرەنکی دی یۆنگ و فێران تۆرێس و جواو فێلیکس و رۆناڵد ئاراوخۆ و لامین یامال دوو کارتی زەردی کەلەکەبوویان هەیە، هەر یەکێکیان لە یاریی ئەمشەو کارتێکی زەرد وەربگرن لە یاریی چوونی قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ بێبەش دەبن، ئەگەر بارسێلۆنا سەربکەوێت.

پاریس سانجێرمان: هەریەکە لە ڤیتینها و ئوگارتی و میلان سکرینیار و لۆکاس هێرناندێز لە پاریس سانجێرمان دوو کارتی زەردی کەلەکەبوویان هەیە، هەر یەکێکیان لە یاریی ئەمشەو کارتێکی زەرد وەربگرن لە یاریی چوونی قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ بێبەش دەبن، ئەگەر پاریس سەربکەوێت.

Image

راهێنەرەکان پێش یارییەکە چییان گوت؟

چاڤی هێرناندێز (بارسێلۆنا): یارییەکە شەڕێکی گەورەی تۆپی پێ دەبێت. بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەین تۆپ لای یاریزانانی پاریس نەبێت. هیوادارم لە باشترین ئاستی خۆماندا بین، چونکە پاریس تیمێکی ئاسان نابێت و بۆ بردنەوە دێنە ئێرە. یارییەکە زۆر هەستیارە. دەبێ کۆنتڕۆڵی تۆپ بکەین و باشترین لایەنی کەسایەتیی خۆمان پیشان بدەین.

لویز ئێنریکی (پاریس سانجێرمان): لەیەکەم خولەکەوە فشار دەکەینە سەر بارسا. هەوڵی دروستکردنی زۆرترین دەفەتی گۆڵ دەدەین. رۆژەکانی دوای دۆڕانی یاری چوون زۆر قورس بوون بۆ ئێمە، بەڵام ئەوە شتەی باش بێت، هێشتا یارییەکمان ماوە و بیرۆکەیەکمان لەلا گەڵاڵە بووە. بۆ بردنەوە هاتووینەتە ئێرە و دەمانەوێت بردنەوەکە لەگەڵ خۆمان ببەینەوە پاریس. بە حەز و هیوای زۆرەوە هاتووین و دەمانەوێت هاوکێشەی یاری چوون بگۆڕین.

Image

راستییەکانی یارییەکە

  • بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی پلاتفۆڕمی ئۆپتا بۆ شرۆڤەکردنی ئامارەکان چانسی سەرکەوتنی بارسێلۆنا لە یارییەکە %41.6ـیە، رێژەی سەرکەوتنی پاریس سانجێرمانیش %33ـیە.
  • لەوەتەی چاڤی هێرناندێز بڕیاری وازهێنانی لە راهێنەرایەتی بارسێلۆنا راگەیاندووە، یانە کەتەلۆنییەکە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لەکۆی 13 یاری 10 بردنەوەی بەدەستهێناوە.
  • لەکۆی 13 رووبەڕووبوونەوەیان لە مێژووی چامپیۆنزلیگ، بارسێلۆنا پێنج بردنەوەی بەدەستهێناوە، پاریس سانجێرمان چوار بردنەوەی هەیە و لە چوار یاریش یەکسانبوون، بارسا 26 گۆڵی لە پاریس کردووە و 23 گۆڵیشی لێکراوە.
  • بارسێلۆنا لەوەتەی وەرزی 2018/2019 نەگەیشتووەتە قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ، پێنج ساڵ لەمەوبەر لە قۆناخی پێش کۆتایی لەسەر دەستی لیڤەرپوول دوای ریمۆنتادایە مێژووییەکە لە خولەکە کرایە دەرەوە.
  • بارسێلۆنا سەرجەم یارییەکانی لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ لە یاریگای خۆی بردووەتەوە، پێنج ساڵە پێنج بردنەوەی لەسەریەکی لە یاریگای خۆی لە خولەکە بەدەست نەهێناوە.
  • لویز ئێنریکی و عوسمان دێمبلی بۆیەکەمجار دەگەڕێنەوە بارسێلۆنا و دژی یانەکەی پێشوویان یاریی دەکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button