عێراقکوردستانگرنگترین

تایبەت بە یاریگا | یاریزانانی هەولێر بە مەرج دەست بە راهێنانەکانیان دەکەنەوە

یاریگا –

ئەمشەو یاریزانانی هەولێر بە مەرج دەست بە راهێنانەکانیان دەکەنەوە و ئەگەر تاوەکو یاریی شوڕتە مووچەکانیان وەرنەگرن ئامادە نین ئەو یارییە ئەنجام بدەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، ئەمشەو یاریزانانی یانەی هەولێر کاتژمێر 08:00 بە مەرج دەست بە مەشق و راهێنانەکانیان دەکەنەوە، تاوەکو رۆژی یارییەکەیان بەرامبەر شوڕتە مەشق و راهێنان دەکەن، ئەگەر مووچەکانیان وەرنەگرن ئەوا یاریی داهاتووی یانەکەیان بەرامبەر شوڕتە ئەنجام نادەن و بایکۆت دەکەن، کە دوو مانگە یاریزانەکان مووچەکانیان وەرنەگرتووە و ئێستا لە مانگی سێیەمدان.

گەرچی قەحتان جەسیر لەگەڵ یانەی هەولێر گەیشتووەتە رێککەوتن ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە بگرێتە ئەستۆ، بەڵام ئامادە نییە بەبێ چارەسەرکردنی کێشەکان واژۆ لەسەر گرێبەستەکەی بکات، گەرچی ئەمشەو سەرپەرشتی راهێنانەکانی یانەکە دەکات و دەست بە رێکخستنەوەی تیپەکە دەکاتەوە، بەڵام ئەویش ئامادە نییە بەبێ گەرەنتی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەی قەڵاومنارە لە یاریی داهاتوو بەرامبەر شوڕتە بگرێتە ئەستۆ.

یانەی هەولێر لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاندووە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بەڵێنی چارەسەکردنی کێشە داراییەکانی پێداون و وابڕیارە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو پارێزگاری هەولێر بەشێک لە کێشە داراییەکانی یانەی هەولێر چارەسەر بکات.

یانەی هەولێر لە دوایین شەش مانگدا تەنیا 149 ملیۆن دیناری لە پارێزگای هەولێر وەرگرتووە و سەرەڕای داهاتەکانی خۆی کێشەی لە پێدانی مووچەی یاریزانان و فەرمانبەرانی هەیە.

هەولێر بەهۆی بانگهێشتکرانی دوو یاریزانی بۆ هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق یارییەکەی بەرامبەر کارەبا دواخراوە، کە لە دوایین پێنج یاریی یانەکەی قەڵاومنارە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق هیچ بردنەوەیەکی بەدەست نەهێناوە و بە کۆکردنەوەی 23 خاڵ لە پلەی چواردەمی خولەکە دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button