گرنگترینیۆرۆی 2024

یوێفا بڕیاری توند لە دژی یاریزانان دەدات

''هیچ یاریزانێک بۆی نییە زیادەڕۆیی لە ناڕەزایەتی بکات''

یاریگا –

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا رایدەگەیەنێت، لە یۆرۆی داهاتوودا، رێکاری توند لە بەرامبەر ئەو یاریزانانە دەگیرێتەبەر، کە ناڕەزایەتی سنووربەدەر لە بڕیارەکانی ناوبژیوان دەگرن.

رۆبێرتۆ رۆسێتی، سەرۆکی دەستەی ناوبژیوانانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا ‘یوێفا’ بەڵێینیدا، لە یۆرۆی 2024دا رێکاری توند لە بەرامبەر ئەو یاریزانانە دەگیرێتەبەر کە زۆر دەمەقاڵی لەگەڵ ناوبژیوان دەکەن.

لە کۆبوونەوەی راهێنەرانی هەڵبژاردەکانی بەشداربوو لە یۆرۆی 2024دا لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، رۆسێتی داوای لە راهێنەرانکرد، داوا لە یاریزانانیان بکەن رێز لە بڕیارەکانی ناوبژیوان بگرن و دەمەقاڵی نەکەن.

پاراستنی وێنەی گشتی تۆپی پێ

یوێفا بەیاننامەیەکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی

رەوشتی یاریزانان لە بەرامبەر بڕیارەکانی ناوبژیوان قبووڵکراو نین، یاریزانان سەیری راهێنەران دەکەن، ئەگەر ئێوە ئارام بن، ئەوا ئەوانیش هاوشێوەی ئێوە ئارام دەبن. دەمانەوێت بۆ پاراستنی وێنەی جوانی تۆپی پێ، خۆمان لە پێدانی کارتە رەنگاورەنگەکان بەدوور بگرین، بۆیە بەتوندی دژی هەر رەوشتێکی ناڕەوا و زیادەڕۆیی یاریزانان دەبینەوە. چونکە دەمانەوێت وێنەیەکی جوانی یارییەکە پیشان بدەین و نەوەکانی داهاتوو شوێنپێی بکەون. پێویستە هەموو شتێک بۆ پاراستنی جوانییەکانی یارییەکە بکەین و ئەرکی ئێوەی راهێنەرانە یارمەتیمان بدەن.

رۆسێتی یەکێکە لە ناوبژیوانە ناودارەکان و یاری کۆتایی یۆرۆی 2008ی بەڕێوەبردووە، لەو یارییەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە گۆڵێکی بێوەڵام لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیای بردەوە.

زیادکردنی ژمارەی یاریزانان

لەلایەکی دیکەوە، یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا بە نیازە ژمارەی یاریزانانی بانگهێشتکراو بۆ یۆرۆی داهاتوو لە 23 یاریزانەوە بکاتە 26 یاریزان.

رۆناڵد کومان، راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا لە مانگی رابردوودا داوای زیادکردنی ژمارەی یاریزانانی بۆ 26 یاریزان کرد و بیانووەکەی بۆ زۆری پێکان گەڕاندەوە.

بەڵام جولیان ناگلیسمان راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دژی داواکەی کومان وەستاوەتەوە و پێی وایە بوونی 23 یاریزان بۆ پاراستنی کەشی نێو هەڵبژاردە گرنگە، تاوەکو یاریزانان کاتی تەواو بەشداریکردنیان هەبێت.

یوێفا جەختیکردەوە، راهێنەران لەسەر زیادکردنی ژمارەی یاریزانان ناکۆکن، بۆیە لە چەند هەفتەی داهاتوو بڕیارێکی گونجاو لەسەر بابەتەکە دەدرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button