کوردستان

پێنج یانە کێبڕکێی مانەوە دەکەن لە خولی نایابی کوردستان

خولی نایابی کوردستان تەنیا یەک گەڕی ماوە و پاڵەوان دواخرا بۆ دوا گەڕ و یانەی سۆرانیش هیوای خۆی تاڕادەیەک زیندوو کردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 9\4\2024 گەڕی 29ـی خولی نایابی کوردستان کۆتایی هات و یانەی ئاکرێ تۆمار کردنی مێژووەکەی دواخست بۆ کۆتا گەڕی خولەکە، ئاکرێ لە نێو یاریگای خۆی نەیتوانی لە یانەی ئاڕاڕات بباتەوە و بەبێ گۆڵ یەکسان بوو، ئاکرێ خاڵەکانی بووە 49 خاڵ و لە سەرووی ڕیزبەندی یانەکان مایەوە بەڵام لە کۆتا گەڕ تەنیا بە سەرکەوتن بەرامبەر یانەی چوار قوڕنە دەبێتە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان، یانەی پێشمەرگەی هەولێر گەڕایەوە کێڕکێی بەدەستهێنانی ناسناوەکە کاتێک بە ئەنجامی 4 _ 1 لە یانەی شەقڵاوەی بردەوە، دواگەڕی خولەکە دەبێتە میوانی یانەی شێروانە و لە ئەگەری سەرکەوتنیشی و بەرامبەر بوون یاخود شکستی یانەی ئاکرێ ئەوا پێشمەرگەی هەولێر دەبێتە پاڵەوان، پێشمەرگەی هەولێر 48 خاڵی هەیە و لە دووەمی ڕیزبەندی خولی نایابی کوردستان دێت.

یانەی شێروانە دوای سەرکەوتنە گرینگ و گەورەکەی ئەمڕۆی بەرامبەر یانەی دهۆک بە ئەنجامی 3_1 ئێستا هیوایەکی باشی بۆ گەڕایەوە، شێروانە دواگەڕ لە یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی پێشمەرگەی هەولێر یاری دەکات لە ئەگەری سەرکەوتنی شێروانە و یەکسان بوون یاخود شکستی یانەی ئاکرێ ئەوا یانەی شێروانە بە فەرمی و بۆیەکەمجار لە مێژوو دەبێتە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان، شێروانە 47 خاڵی هەیە لە پلەی سێیەمی ڕیزبەدیەکە دێت.

دوای سەرکەوتنی بە سەر یانەی سیروانی نوێ بە ئەنجامی 4_2 یانەی سۆران تاڕادەیەک هیوای بۆ خۆی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی مانەوەی خۆی مسۆگەربکات لە خولی نایاب، سۆران 30 خاڵی هەیە لە ڕیزبەندی کۆتایی یە و شەقڵاوەش 33 خاڵی هەیە لە ڕیزبەندی چواردەم دێت، لە کۆتا گەڕیش عەر دوو یانە بەرامبەر یەکتر یاری دەکەن و لە ئەگەری سەرکەوتنی سۆران بە جیاوازی سێ گۆڵ و شکستی یانەی دهۆک ئەوا سۆران لە ڕیزی نایابی کوردستان دەمێنێتەوە.

یانەی سەید سادق مانەوەی خۆی لە خولی نایابی کوردستان مسۆگەر کرد دوای سەرکەوتنی بە سەر یانەی هەندرێن بە ئەنجامی 2_0 و ئێستا بە 36 خاڵ لە پلەی یازدەم دێت، یانەی هەولێر دوای بردنەوەی لە یانەی برایەتی بە 3_1 بە فەرمی لە ڕیزی یانەکانی نایابی کوردستان مایەوە و بە 37 خاڵ لە ڕیزبەندی نۆیەمی خولی نایابی کوردستان دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button