ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

کای هاڤێرتز؛ ئەو گرەوەی مایکڵ ئارتێتا لە هەمووانی بردەوە

یاریگا –

هاوینی رابردوو کاتێک ئارسێناڵ کای هاڤێرتزی لە چێڵسییەوە گواستەوە ریزەکانی، زۆرترین کەس رەخنەیان لەو گرێبەستە هەبوو، تەنانەت لە دەستپێکی ئەم وەرزە تاوەکو مانگی نۆڤێمبەر هاڤێرتز بە خراپترین گرێبەستی هاوینەی پرێمەرلیگ دادەنرا، کەچی ئێستا هێرشبەرە ئەڵمانییەکە بووەتە ئەو گرەوەی کە هەمووان بەرامبەر ئەو راهێنەرە ئیسپانییە دۆڕاندیان.

ئارتێتا شێت بووە ئەگینا چۆن 75 ملیۆن یۆرۆ بە هاڤێرتز دەدات!

کاتێک هاوینی رابردوو مایکڵ ئارتێتا بەرامبەر 75 ملیۆن یۆرۆ کای هاڤێرتزی لە چێڵسییەوە گواستەوە ئارسێناڵ، هاندەرانی ئارسێناڵ زۆرترین رەخنەیان لەو گرێبەستە گرت، پێیانوابوو ئارتێتا شێت بووە، ئەگینا چۆن پارەیەکی هێندە زۆر بەو یاریزانە ئەڵمانییە دەدات.

هاڤێرتز (24 ساڵان) لە بایر لیڤەرکوزنی ئەڵمانی پێگەیشتووە، ئەم یاریزانە کە تاوەکو نەگەیشتە ژێر سەرپەرشتی ئارتێتا وەکو ناوەڕاستکار یاریی دەکرد، هاوینی 2020 بەرامبەر 80 ملیۆن یۆرۆ روویکردە ریزەکانی چێڵسی.

کای لە سەرەتای ئەم وەرزە لە بەشێکی زۆری یارییەکانی یانەکەی لەلایەن هاندەرانی گەنەرزەوە فیکەی بۆ لێدەدرا و رەخنەی توندی لێدەگیرا، بەڵام هەمیشە مایکڵ ئارتێتا پشتیوانی لێ دەکرد.

ئارتێتا جیاواز لە هەمووان هاڤێرتزی کردە هێرشبەری ژمارە 9

کای هاڤێرتز لەوەتەی بووەتە یاریزانێکی پیشەگەر لە هێلی ناوەڕاست یاریی دەکات، لە بایر لیڤەرکوزن و چێڵسی هەروەکو ناوەڕاستکار یاریی دەکرد، تەنانەت لە چەند یارییەکی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کرایە یاریزانی بەرگری چەپ، بەڵام ئارتێتا جیاواز لە هەمووان پێیوایە هێرشبەری سەرەڕم باشترین جێگایە بۆ کای.

دوای پێکانەکەی گابریێل خیسۆس، کای هاڤێرتز کە باڵای 193 سانتیم بەرزە بووە هێرشبەری ژمارە 9ـی ئارسێناڵ، تەنانەت دوای گەڕانەوەی هێرشبەرە بەڕازیلییەکە، هاڤێرتز هەر لە شوێنە نوێیەکەی بەردەوامە، لەوەتەی دەستپێکی مانگی فێبرایەر هیچ یاریزانێک لە پرێمەرلیگ هێندەی هاڤێرتز گۆڵی نەکردووە (9 گۆڵ).

ئارتێتا دوای بردنەوەکەیان بەرامبەر برایتن کە هاڤێرتز بە پیاوی یارییەکە دەستنیشانکرا، لەبارەی هێرشبەرەکەی یانەکەی گوتی :’من پێموایە هێشتا هاڤێرتز ئاستی راستەقینەی خۆی پێشکەش نەکردووە، دڵنیام هێشتا ئەو زیاتر گەشە دەکات، جارێک یەکەم وەرزیەتی لەگەڵ ئێمە، دڵنیام زیاتر بەرەو پێشەوە دەچێت و زیاتر خۆی دەگونجێنێت’.

هاڤێرتز، باشترین یاریزانی ئەمساڵی پرێمەرلیگە

هاڤێرتز لەم وەرزەی پرێمەرلیگ لە 30 یاری لەگەڵ گەنەرز 9 گۆڵ و 4 ئەسیستی کردووە، کای لە دوایین حەفت یاریی ئارسێناڵ لە شەش یاری گۆڵی کردووە، لەو حەفت یارییە پێنج گۆڵ و چورا ئەسیستی کردووە، گەرچی هاڤێرتز سێ وەرز بە درێسی بلووز لە پرێمەرلیگ یاریی کردووە، بەڵام هەرگیز لە هیچ وەرزێکدا لە هەشت گۆڵ زیاتری نەکردبووە، کەچی لەم وەرزە تا ئێستا هاڤێرتز نۆ گۆڵی بۆ یانەکەی کردووە.

جگە لە بوکایۆ ساکا (14 گۆڵ) هیچ یاریزانێکی دیکەی ئارسێناڵ لەم وەرزەی پرێمەرلیگ لە هاڤێرتز (9 گۆڵ) زیاتر گۆڵی نەکردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button