عێراقکوردستانگرنگترین

باوکی منداڵە تۆپهێنەرەوەکەی دهۆک سکاڵای لەسەر گۆڵپارێزی قوە جەوییە تۆمارکرد

یاریگا –

باوکی ئەو منداڵە تۆپهێنەرەوەی لە یاریی دهۆک و قوە جەوییە لەلایەن گۆڵپارێزی قوە جەوییە پەلاماری درا، سکاڵای لەسەر ئەو گۆڵپارێزە تۆمارکرد.

بەگوێرەی ئەو نووسراوەی دەستی تۆڕی وەرزشی یاریگا کەوتووە، عومەر ئیبراهیم باوکی رەیان عومەر کە تەمەنی 17 ساڵە و لە یاریی دهۆک و قوە جەوییە لە گەڕی بیستەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە پشتەوەی گۆڵ تۆپی دەهێنایەوە، لە دادگا سکاڵای لەسەر محەمەد حەمید گۆڵپارێزی قوە جەوییە تۆمارکردووە.

باوکی منداڵە تۆپهێنەرەوەکە لە سکاڵایەکەی گۆڵپارێزی قوە جەوییەی بەوە تۆمەتبار کردووە، پەلاماری کوڕەکەی داوە و بە مشتەکۆڵە لێی داوە و ئاماژەی بە راپۆرتی پزیشکیش کردووە، کە دوای یارییەکە منداڵە تۆپهێنەرەوەکە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە.

لە یارییەکەی دهۆک و قوە جەوییە کە یانە کوردستانییەکە 2-1 بردنەوەی بەدەستهێنا، لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان یاریزانانی قوە جەوییە و چەند هاندەرێکی دهۆک دروستبوو، کە گۆڵپارێزی قوە جەوییە پەلاماری منداڵە تۆپهێنەرەوەکەی دا.

دوای یارییەکە هەردوو یانە بە دوو بەیاننامەی جیاواز یەکتریان تۆمەتبارکرد، هێشتا لێژنەی تەمبێکردن لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەبارەی ئەو رووداوانەی یارییەکە هیچ بڕیارێکی نەداوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button