کوردستان

راهێنەری رانیە تا کۆتایی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان سڕکرا

دوێنێ شەوی شەممە 23\3\2024 یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا کە تیادا چەندین بڕیاری تازەی دەرکرد.

لە بڕیارێکی ناخۆش بۆ هاندەرانی یانەی ڕانیەدا، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی ڕەفیق سەعیدی ڕاهێنەری یانەی ڕانیە تا کۆتایی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان ئەمەش دوای ئەوەی لە یاریان بەرامبەر یانەی هەندرێن لە جامی هەرێمی کوردستان بەپێی نوسراوی سەرپەرشتیار و ناوبژیوانانی یاری هێرشی کردۆتە سەر ناوبژیوان و ووتەی نەشیاوی بەکار هێناوە، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە یانەی ڕانیە لە یاریەکی بەهێزدا سبەی ڕووبەڕووی یانەی شێروانە دەبێتەوە لە گەڕی 26ـی خولی نایابی کوردستان.

تەواوی بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەکەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان:

1_ سوپاس و پێزانین بۆ یانەی وەرزشی دوکان لە پای ئامادەکردنی یاریگا و پێداویستی یاریگا بۆ یاری پلەی ئۆفی قۆناغی یەکەم لە خولی پلە دووی کوردستان لە نێوان یانەی خورماڵ و یانەی خەلیفان.

2_ لە چوار گەڕی کۆتایی خولی نایابی کوردستان، سەرپەرشتیار و دەستەی ناوبژیوانان لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بە هەماهەنگی لیژنەی ناوبژیوانان دەستنیشان دەکرێت.

3_ ئاگاداری سەرجەم یانەکانی بەشداربوو لە خولەکانی کوردستان دەکەینەوە تایبەت ئەو یانانەی سزا یاخود پێبژاردنیان لە سەرە لە کۆتایی وەرز پاکانەی خۆیان لە دارایی ( ژمێریاری ) یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بێنن بۆ لیژنەی پێشبڕکێکان، بە پێچەوانەوە هیچ نوسراوێکیان لەلای ئێمە وەرناگیرێت.

4_ بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاری نێوان یانەی ئاکرێ و یانەی سەید سادق لە گەڕی 24ـی خولی نایابی کوردستان، بڕیار درا بە پێبژاردنی کارگوزاری( بیرڤان سامان ) یانەی سەید سادق بە بڕی 250000 دووسەد و پەنجا هەزار دینار.

5_ سەبارەت بە یاری نێوان یانەی ڕانیە و یانەی هەندرێن لە قۆناغی دووەمی گەڕی سێیەم لە جامی هەرێمی کوردستان:

آ_ لە سەر ڕاپۆرتی ناوبژیوانان و سەرپەرشتیاری یاری، بە هۆی بەکارهێنانی ووتەی نەشیاو ( جنێودان ) بە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان و هێرشکردنە سەر ناوبژیوانانی یاری و ( جنێودان ) ، بڕیار درا بە دوورخستنەوەی( ڕەفیق سەعید ) ڕاهێنەری یانەی ڕانیە تا کۆتایی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان و پێبژاردنی بە بڕی 1000000 یەک ملیۆن دینار.

ب_ بە هۆی هێرشکردن و بەکارهێنانی ووتەی نەشیاو بەرامبەر بەناوبژیوانان ، بڕیار درا بە دوورخستنەوەی ( سەفەر ڕەمەزان ) سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی ڕانیە بۆ 2 یاری و پێبژاردنی بە بڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار.

6-لە یاری نێوان یانەی زاخۆ و یانەی دهۆک لە قۆناغی دووەمی گەڕی سێیەم لە جامی هەرێمی کوردستان :
بەهۆی بەکارهێنانی ووتی ناشیاو لەلایەن سەرۆکی دەستەی هاندەرانی یانەی زاخۆ بڕیاردرا بەپێبژاردنی بە بڕی 250000 دووسەد و پەنجا هەزار دینار و ئامادە نەبوونی لە یاریگا بۆ دوو یاری داهاتوو، لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی سزاکە تووندتر دەبێت.

7_ بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاری نێوان یانەی چوارقوڕنە و یانەی برایەتی لە گەڕی بیست و پێنجی خولی نایابی کوردستان، بڕیار درا بە پێبژاردنی ( ئەحمەد عەلی ) یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەی چوارقوڕنە بە بڕی 250000 دووسەد و پەنجا هەزار دینار.

8_ بە هۆی بە کارهێنانی ووتەی نەشیاو ( جنێودان ) بەرامبەر یاریدەدەری ناوبژیوان لە یاری نێوان یانەی سەید سادق و یانەی هەولێر لە گەڕی بیست و پێنجی خولی نایابی کوردستان، بڕیار درا بە پێبژاردنی ( تەیوب ڕەشید ) سەرۆکی یانەی سەید سادق بە بڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار و یاوەری نەکردنی تیپەکەی بۆ 2 یاری داهاتوو.

9_ سەبارەت بە یاری نێوان یانەی شێروانە و یانەی شەقڵاوە لە گەڕی 26ـی خولی نایابی کوردستان :

آ_ بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور بڕیار درا بە پێبژاردنی ( ڕێکار عەلی ) بەڕێوەبەری یانەی شێروانە بە بڕی 250000 دووسەد و پەنجا هەزار دینار .

ب_ بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور بڕیار درا بە پێبژاردنی ( مستەفا بابازادە ) ڕاهێنەری یانەی شەقڵاوە بە بڕی 250000 دووسەد و پەنجا هەزار دینار .

10_ سەبارەت بە یاری کۆتایی فوتساڵی کچان لە نێوان یانەی زاخۆ و یانەی ئافرەتانی دهۆک، بە هۆی هەڵسوکەوتی ناشیاو و دەرچوون لە گیانی وەرزشی بڕیاردرابە :

آ_ ڕاگرتنی یاریزانی یانەی زاخۆ ژمارە ( 10 ) سۆزان شڤان بۆ 2 یاری.

ب_ ڕاگرتنی یاریزانی یانەی زاخۆ ژمارە ( 8 ) نوڕ زنار بۆ 3 یاری.

ج_ ڕاگرتنی یاریزانی یانەی زاخۆ ژمارە ( 11 ) زۆزان ئیبراهیم بۆ 2 یاری.

د_ پێبژاردنی یانەی زاخۆ بە بڕی 500000 هەزار دینار، لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی هەر هەڵسوکەوتێکی ناشیرن سزاکان قوڕستر دەبێت.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button