ئینگلتەراگرنگترین

بەهۆی ئارسێناڵ و مان سیتی و لیڤەرپوول؛ بۆیەکەمجار پرێمەرلیگ تووشی سەرئێشەیەکی گەورە دەبێت

کێشەی دابینکردنی سێ جامی پرێمەرلیگی بۆ دروست دەبێت

یاریگا –

بەهۆی ئەوەی سێ یانە بە گەرمی کێبڕکێ لەسەر نازناوی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ دەکەن، سەرپەرشتیارانی پرێمەرلیگ رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەبنەوە ئەگەر تا دوایین گەڕ ئەو سێ یانەیە چانسی بەدەستهێنانی نازناوەکەیان هەبێت.

رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی ئاشکرایکردووە، ئەگەر ئارسێناڵ و لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی تاوەکو گەڕی کۆتایی هیوایان بۆ بەدەستهێنانی نازناوی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ بمێنێت، ئەوا سەرپەرشتیارانی پرێمەرلیگ رووبەڕووی کێشەی دابینکردنی سێ جامی پاڵەوانێتییەکە بۆ هەر سێ یارییەکە دەبنەوە، چونکە ئەوکات لەوانەیە هەر یەکێک لەو سێ یانەیە نازناوەکە بباتەوە، بەمەش پێویستە سێ جام لە هەر سێ یاریگایەکە هەبێت.

ئارسێناڵ بە کۆکردنەوەی 64 خاڵ پلەی یەکەمی پرێمەرلیگی گرتووە و بەجیاوازیی گۆڵ لەپێشەوەی لیڤەرپوولی دووەم دێت و مان سیتیش بە 63 خاڵ پلەی سێێەمی گرتووە، لە گەڕی کۆتایی کە وابڕیارە رۆژی یەکشەممە 19ـی مایۆ/ئایار بەڕێوە بچێت، هەر سێ یانەکە لە یاریگای خۆیان یاریی دەکەن، ئارسێناڵ لە یاریگای ئیمارات لە لەندەن میوانداریی ئێڤەرتن دەکات، لیڤەرپوول لە یاریگای ئانفێڵد میوانداریی وۆلڤەرهامتن دەکات و مانچێستەر سیتیش لە ئیتیحاد ستادیۆم میوانداریی وێستهام یونایتد دەکات.

یاریزانانی مانچێستەر سیتی لەکاتی بەرزکردنەوەی جامی پرێمەرلیگی وەرزی رابردوو
یاریزانانی مانچێستەر سیتی لەکاتی بەرزکردنەوەی جامی پرێمەرلیگی وەرزی رابردوو

چارەسەر چییە؟

رۆژنامە بەریتانییەکە بەگوێرەی زانیارییەکانی لە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی پرێمەرلیگ زانیویەتی، سەرپەرشتیارانی پرێمەرلیگ بەنیازن ئەگەر کێبڕکێکردن لەسەر نازناوی ئەم وەرزە تاوەکو دوایین گەڕ درێژەی کێشا، ئەوا جامێکی ساختە بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی لە هەر سێ یاریگایەکە جامی خولەکە هەبێت، کە ئەو جامە ساختە لە زۆربەی کەرنەڤاڵەکاندا بۆ ئاهەنگگێڕان و وێنەی هاندەران بەکار دەهێنرێت.

لەوەتەی ساڵی 1992 پرێمەرلیگ دروستبووە هەرگیز لە دوو یانە زیاتر لە گەڕی کۆتایی رکابەرییان لەسەر نازناوی خولەکە نەکردووە، لەو ماوەیەدا نۆ جار دوو یانە لە گەڕی کۆتایی هیوای بەدەستهێنانی نازناوەکەیان هەبووە کە دوو ساڵ لەمەوبەر دوایین جار بوو، لیڤەرپوول و مان سیتی کێبڕکێیان لەسەر بەرزکردنەوەی جامەکە دەکرد.

لەم ساڵانەی دواییدا بەرپرسانی پرێمەرلیگ ججگە لە جامە ئۆرجیناڵەکەی پرێمەرلیگ جامێکی زیویشیان دروستکردبوو، بۆ ئەوەی لە یاریگای هەردوو یانە رکابەرەکە دایبنێن، بەڵام بۆ ئەم وەرزە لەوانەیە ناچاربن جامە ساختەکەش بەکاربهێنن و لە یاریگای سێیەم دایبنێن، لەوانەیە یاریزانان و هاندەرانی یانەیەک ببنە پاڵەوانی پرێمەرلیگ و بە بەرزکردنەوەی جامە ساخەتەکە ئاهەنگ بگێڕن.

بابەتی زیاتر

Back to top button