یاریگا –
مایکڵ ئێدواردس، بەڕێوەبەری وەرزشی پێشووی لیڤەرپوول جارێکی دیکە گەڕایەوە یانەکەی مێرسیساید و ریچارد هیوزیش دەبێتە بەڕێوەبەری وەرزشی نوێی لیڤەرپوول.
دوێنی دووشەممە، کۆبوونەوەی کۆتایی لە نێوان ئێدواردس و بەرپرسانی باڵای فێنوەی سپۆرتس گروپ (خاوەنی لیڤەرپوول) بەڕێوەچوو. پێشبینی دەکرێت ئێدواردس پۆستێکی باڵای پێبدرێت و هیوزیش دەبێتە بەڕێوەبەری وەرزشی.
سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، ئێدواردس پۆستێکی باڵا لە گروپی کۆمپانیاکانی فێنوەی سپۆرتس وەردەگرێت و لە سەرووی هەموویەوە، کارە سەرەکییەکانی لیڤەرپوول لە پرێمەرلیگ بەڕێوەدەبات.
لە ماوەی رابردوودا، چێڵسی ئۆفەرێکی گەورەی خستە بەردەست ئێدواردس تاوەکو پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەکە وەربگرێت، بەڵام ئۆفەرەکەی رەتکردەوە.
یانەکانی پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید هەوڵیاندا ئێدواردس رازی بکەن و بیکەنە بەڕێوەبەری وەرزشی، بەڵام ئێدواردس رەتیکردەوە.
جۆن دەبڵیو هێنری، خاوەنی گروپی فێنوەی سپۆرتس و مایک گۆردن، سەرۆکی کۆمپانیاکە هەوڵی زۆریان بۆ گەڕاندنەوەی ئێدواردسدا و ئامادەبوون هەموو کارێک لە پێناو گەڕانەوەی بکەن.
ریچارد هیوز، پێشتر بەڕێوەبەری هونەری بۆرنمس بووە و هەفتەی رابردوو، تەواوی کەیسەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول یەکلاییکردەوە.