کوردستانگرنگترین

لە یارییەکانی ئەمڕۆی خولی نایابی کوردستان دوو یاریزان بە زمانی بەڕۆژوو پێنج گۆڵیان کرد

یاریگا –

لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز دوو یاریزان، جیاواز لە زۆربەی یاریزانانی خولی نایابی کوردستان بە زمانی بەڕۆژوو دووانە و هاتریکیان تۆمارکرد.

لە یارییەکانی گەڕی بیست و چوارەمی خولی نایابی کوردستان، سەربەست محەمەد یاریزانی دهۆک لە یاریی بەرامبەر دەربەندیخان بە کەمتر لە چارەکێک دووانەی تۆمارکرد و دهۆک بەو دوو گۆڵە سێ خاڵی یارییەکەی بەدەستهێنا، کە بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا سەربەست محەمەد لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەی تاکە یاریزان بوو بەڕۆژوو بێت.

سەربەست محەمەد دوای یارییەکە لە لێدوانێکی تایبەتی بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’سوپاس بۆ خودا ئەمڕۆ بەڕۆژوو بووم، بە پشتیوانی خوا توانیم ئەمڕۆ دوو گۆڵ تۆمار بکەم و ئەو دوو گۆڵەشم دەکەمە دیاری بۆ هاندەرانی یانەی دهۆک’.

لەلایەکی دیکە، رێزدار وەلی هێرشبەری سۆران بە زمانی بەڕۆژوو لە یاریی بەرامبەر چوارقوڕنە هاتریکی تۆمارکرد، رێزدار لە یارییەکە جگە لەوەی هاتریکی کرد گۆڵێکیشی دروستکرد و بووە هۆی ئەوەی سۆران بردنەوەیەکی گەورە بەدەست بهێنێت و بە پێنج گۆڵی خاوێن لە میوانەکەیان بردەوە.

رێزدار وەلی کە لەلایەن تۆڕی وەرزشی یاریگاوە بە ئەستێرەی ئەم گەڕە دەستنیشانکرا، دوای یارییەکە لە لێدوانێکی بە تۆڕی وەرزشی یاریگای رایگەیاند “بە زمانی بەڕۆژوو یارییەکەی ئەمڕۆم ئەنجام دا، بەنیازم تەواوی مانگی رەمەزان بەڕۆژوو بم، پێموایە بەڕۆژوو بوونەکەم هێز و وزەی زیاتری پێدام بۆ ئەوەی هاتریک بکەم’.

بەڕۆبوونم هێز و وزەیەکی زیاتری پێدام و بووە هۆی ئەوەی بتوانم ئەمڕۆ هاتریک تۆمار بکەم و ئاستێکی بەرز پێشکەش بکە

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا، لەو چوار یارییەی ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بەڕێوەچوون، زۆربەی یاریزانانی یانەکان بەڕۆژوو نەبوون، لەبەر ئەوەی یارییەکان بە رۆژ دەکرێن زۆربەی یاریزانەکان ناتوانن بەڕۆژوو بن، بەڵام سەربەست محەمەد و رێزدار وەلی بە زمانی بەڕۆژوو بەیەکەوە نزیکەی نیوەی گۆڵەکانی گەڕی بیست و چوارەمیان لە خولەکە کرد، کە بە هەر هەشت یارییەکەی گەڕەکە تەنیا 12 گۆڵ تۆمارکران.

بابەتی زیاتر

Back to top button