ئەفریقاگرنگترین

بۆچی براهیم دیاز بڕیاریدا یاری بۆ مەغریب بکات؟

یاریگا –

براهیم دیاز بە داواکەی هەڵبژاردەی مەغریب رازی بووە.

رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، براهیم دیازی یاریزانی ریال مەدرید بڕیاری کۆتایی داوە، لە بری هەڵبژاردەی ئیسپانیا یاری بۆ هەڵبژاردەی مەغریب دەکات.

بەپێی رۆژنامە ئیسپانییەکە، دیاز تا کۆتا خولەک چاوەڕوانی ئیسپانیا بووە، بەڵام لویس دێلا فوێنتێی راهێنەری هەڵبژاردەکە پەیوەندی بە دیازەوە نەکردووە و یاریزانەکەی پشتگوێ خستووە.

لەلایەکی دیکە هەڵبژاردەی مەغریب پڕۆژەیەکی پێشکەش بە یاریزانەکە کردووە تا بیکەنە ئەستێرەیەکی سەرەکییان، سەرۆکی فیدراسیۆنی مەغریب، راهێنەر و یاریزانەکان هەموو هەوڵێکیان داوە تا یاریزانەکە رازی بکەن یاری بۆ مەغریب بکات.

هەر بۆیە یاریزانە تەمەن 24 ساڵانییەکە بڕیاریدا بە داواکەی مەغریب رازی ببێت و یاری بۆ ئەو هەڵبژاردەیە دەکات.

براهیم یاری بۆ سەرجەم ئاستەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا کردووە، بۆ تیپی یەکەمی هەڵبژاردەکەیش یەک یاری کردووە و گۆڵێکیشی کردووە، کە یارییەکە لە هاوینی 2021 بەرامبەر بە هەڵبژاردەی لیتوانیا بووە.

ریال مەدرید لە هاوینی رابردوو ماوەی خواستنەکەی دیازی لەگەڵ ئەیسی میلان کۆتایی پێهێنا و یاریزانەکەی گەڕاندەوە ریزەکانی.

ناوبراو لەم وەرزە لەگەڵ مێرێنگی ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، لە 32 یاری و لە کۆی 1,456′ خولەک یاریکردن 8 گۆڵی بۆ یانەکەی کردووە و 4 گۆڵیشی درووستکردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button