کوردستانگرنگترین

رووداوێکی نامۆ لە خولی نایابی کوردستان؛ گۆڵپارێزی سیروانی نوێ گرێکوێرەیەکی یانەکەی کردەوە

یاریگا –

بەهۆی فەوتاندنی پێناڵتی لەلایەن یاریزانانی یانەکەوە، گۆڵپارێزی سیروانی نوێ ئەرکی جێبەجێکردنی لێدانە سزایەکانی یانەکەی پێ سپێردراوە.

سیروانی نوێ دوایین چوار لێدانی سزای لە جام و خولی نایابی کوردستان فەوتاندووە، بۆیە غەریب محەمەد راهێنەری سیروانی نوێ ئەرکی جێبەجێکردنی لێدانە سزایەکانی یانەکەی بە دیلان غەفور گۆڵپارێزی یانەکەی سپاردووە، گۆڵپارێزەکەی سیروانی نوێ لە یاریی بەرامبەر شێروانە گرێکوێرەی پێناڵتییەکانی یانەکەی کردەوە و گۆڵی کرد.

هەریەکە لە جیهان جەلال بەرامبەر رانیە، محەمەد رۆکان بەرامبەر دەربەندیخان، شوانە قادر بەرامبەر ئاکرێ و لە جامی کوردستانیش ئەیاد دیاری بەرامبەر سۆران لێدانی سزایان فەوتاندبوو، بۆیە راهێنەری سیروانی نوێ لە یاریی بەرامبەر شێروانە پێناڵتی بە گۆڵپارێزی یانەکەی بەخشی، ئەویش لە خولەکی 74 بەو پێناڵتییە گۆڵی یەکسانبوونی بۆ یانەکەی کرد، کە لەگەڵ شێروانەی میوان 1-1 یەکسانبوون.

سیروانی نوێ بە کۆکردنەوەی 36 خاڵ لە پلەی چوارەمی خولی نایابی کوردستان دێت، لەکۆی 24 یاریی خولەکە 25 گۆڵیان کردووە و 26 گۆڵیشیان لێکراوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button