ئیسپانیا

چاڤی : ئەستێرەکەمان بە مێسی بەراورد مەکەن!

یاریگا –

چاڤی، راهێنەری بارسێلۆنا پێی وایە لە بەرژەوەندی لامین یامالدایە کە بە مێسی بەراورد نەکرێت.

شەوی رابردوو بارسێلۆنا لە هەفتەی 28ی لالیگا لە یاریگای خۆی میوانداری مایۆرکای کرد و توانی بە یەک گۆڵ بەربەستی ئەم تیپە تێپەڕێنێت.

سەرکەوتن لەم یارییەدا گرنگییەکی تایبەتی هەبوو بۆ یاریزانانی ئەم تیپە و توانیان جیاوازی خاڵەکانیان لەگەڵ ریال مەدریدی پێشەنگ بۆ 5 خاڵ کەم بکەنەوە و لامین یامالی 16 ساڵ بە لێدانە سەرنجڕاکێشەکەی توانی سێ خالی گرنگی یارییەکە بۆ تیمەکەی بەدەست بهێنێت.

چاڤی دوای یارییەکە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە گوتی:

بارودۆخی ئێمە بە درێژایی وەرز وەک یەک بووە. یارییەکەی ئەمشەو قورس بوو، لێدانی سزامان لەدەستدا بەڵام رکابەرییەکی باشمان کرد و توانیمان سەرکەوتن بەدەست بهێنین. ئەمە سەرکەوتنێکی گرنگە چونکە سێ خاڵی بەنرخمان بەدەستهێنا بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە شەڕکردن. لەو کاتەوەی کە رامگەیاندووە یانەکە جیدەهیڵم، تیمەکە زۆر باش کاریان کردووە.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەیکە ئایا یامال، مێسی داهاتووی بارسێلۆنایە، گوتی:

بەراوردکردن بە مێسی هیچ سوودێکی بۆ کەس نییە. راستە یامال پێی چەپی زۆر باشە. دەگەڕێتەوە هێڵی ناوەڕاست و تۆپەکە دهێنێتەوە و دەیخاتە ناو تۆڕی گۆل. ئەم جوڵانە وا دەکات زۆر کەس DNAی مێسی لە ناویدا بەدی بکەن، بەڵام وا باشترە بە یەکدیان بەراورد نەکەین.

چاوڤی سەبارەت بە یارییەکەی بەرامبەر ناپۆلی لە خولی یانە پاڵەوانانی ئەوڕوپادا گەتی:

هەمیشە گەشبینم. ئەم سەرکەوتنە ورە و متمانە بەخۆبوونمانی بەرزکردەوە. من گەشبینم بە سەرکەوتنمان چونکە لە یاریگای خۆمان یاری دەکەین، پێویستمان بە پاڵپشتی تەواوە و بە هەموو هێزمانەوە شەڕ دەکەینتاوەکوو بگەینە قۆناغی چارەکی کۆتایی. هەموو سەرنجم لەسەر ئەم یارییەیە. ئێمە ئامادەین بۆ رکابەریکردن و هەموو شتێکمان بە باشی شیکردەووەتەوە.

بارسێلۆنا و ناپۆلی بڕیارە بەرواری 12 ئەم مانگە لە یاریگای مونجۆیک لە یاری گەڕانەوەی چامپیۆنزلیگدا میوانداری ناپۆلی بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button