ئیتاڵیائیسپانیا

بۆچی ئالێگری لە پەیوەندی کردنی بە ریال مەدرید پەشیمان بوویەوە؟

یاریگا –

جیۆڤانی برانچینی، بەڕێوبەری کارەکانی ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری ئێستای یوڤێنتوس، ئاشکرای کرد کە ئالێگری هەنگاوێک لە ریال مەدریدەوە دوور بووە و بەڵام دواجار پەشیمان بووەتەوە.

لە کۆتایی وەرزی 2020-2021 زێدان بۆ جاری دووەم بڕیاریدا پۆستی راهێنەری لۆس بلانکۆس بەجێبهێڵێت، بەمەش مەدرید ناچار بوو جێگرەوەیەکی گونجاو بۆی بدۆزێتەوە. لەو کاتەدا ئالێگری باشترین بژاردە بوو و هیچ گریبەستێکی نەبوو و دوو ساڵ پێشتر لە ساڵی 2019دا یانەی بیانکۆنێری بەجێهێشتبوو.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ریلۆڤۆ برانچینی روونیکردەوە کە بۆچی ئالێگری بڕیاریدا گرێبەست لەگەڵ ریال مەدرید لە ساڵی 2021 واژۆ نەکات، سەرەڕای ئەوەی هەردوولا نزیک بوون لە رێککەوتن، لەمبارەیەوە گوتی:

هەموو شتێک کۆتایی هاتبوو. بەڵام لە کۆتاییدا ئالێگری بڕیاریدا گرێبەستەکە واژۆ نەکات و بڕیارێکی زۆر بر ئازار بوو بۆی. ئەو مانەوەی لە ئیتاڵیا هەڵبژارد چونکە دوو شت لە یەک کاتدا وایلێدەکرد نەتوانێت وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت، یەک پرسێکی خێزانی و دوو، پێشنیاری گەڕانەوەی یوڤێنتوس. ئەم دوو هۆکارە وایلیکرد تۆرینۆ بەجێنەهێڵێت.

برانچینی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:

راهێنەرایەتی ریال مەدرید خەونێک بوو بۆ ئەلێگری و ئەگەر راستگۆ بم، دەستکەوتێکی گەورە بوو لە ژیانی پیشەیی منیشدا، بەڵام هۆکاری واژۆ نەکردنی گرێبەستەکە ئەوەندە جدی بوو کە هەموومان ناچار بووین قبوڵ بکەین. تەنانەت فلۆرێنتینۆ پێرێزیش.


لەکۆتاییدا ریال مەدرید گرێبەستی لەگەڵ کارلۆ ئەنچیلۆتیی واژۆکرد و ئالیگریش بڕیاریدا بۆ جاری دووەم سەرکردایەتی یوڤێنتوس بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button