ئیتاڵیا

ناپۆلی کەناڵێکی زەبەلاح بە تەواوی بایکۆت دەکات

یانەی ناپۆلی چیتر رێگە بە کەناڵی دازن نادات چاوپێکەوتن لەگەڵ ستاف و یاریزانانی یانەکەی ئەنجام بدات.

شەوی رابردوو ئاورێلیۆ دی سانتیس سەرۆکی ناپۆلی پاش بردنەوەکەیان لە یوڤێنتۆس بۆ میدیاکان وتی “دازن لەگەڵ ئێمە کۆتایی هاتووە، تەنها قسە بۆ سکای سپۆرت و رای سپۆرت دەکەین لەمەودوا”.

بەگوێرەی مارکۆ ئازی رۆژنامەنووسی لا ریپەبلیکا، هۆکاری توڕەیی سەرۆکەکە لە دازن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ناپۆلی نەیدەویست یارییەکەیان بەرامبەر ئەتەلەنتا لە کۆتایی ئەم مانگە 3/30 بەڕێوەبچێت و داوایان کردبوو لە یەکەم رۆژی مانگی چوار بێت تاوەکو کاتی زیاتریان هەبێت بۆ ئامادەکاری، بەڵام میدیاکان رۆڵیان هەیە لە کاتی دیاریکردنی یارییەکان و داواکەی ناپۆلیان رەتکردەوە، دەکرێت دازن هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو رۆژە بێت لەبری سەرەتای مانگی داهاتوو.

لەلایەکی دیکە، توتۆ سپۆرت دەڵێت، پەیوەندی بە بڕیاری میدیای وەکو دازنەوە نیە و یارییەکەی ئەتەلەنتا دەبێت لە 3/30 بکرێت بەهۆی ئەوەی ئەتەلەنتا لە یۆرۆلیگ یاری هەیە لەو هەفتەیەدا.

دازن هەفتانە سەرجەم 10 یارییەکەی خولی ئیتاڵی پەخش دەکات و لەم دواییەش مافی پەخشکردنی یارییەکانی تاوەکو 2029 بردەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button