ئینگلتەرا

بە سەرکەوتنیشیان بۆ چامپیۆنزلیگ، ئەستۆن ڤێلا ناچارە یاریزان بفرۆشێت

یاریگا –

لە کاتێکدا ئەستۆن ڤێلا شەڕ دەکات لەپێناو گەیشتن بە خەونە لەمێژینەکەیان کە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتووە، هاوکات هەواڵی ناخۆش بۆ ئەوانە فرۆشتنی دوو لە دیارترین ئەستێرەکانی ئێستایانە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی مەیڵی بەریتانی، ڤێلا بۆ پەیڕوەی کردن لە یاساکانی دارایی خاوێن و پێشێل نەکردنی ڕێساکان، پێویستە هەندێک لە ئەستێرەکانی بفرۆشێت بۆ دابینکردنی بڕی ئەو پارەیەی هاوین لە گواستنەوەکاندا خەرجی دەکات لەپێناو تۆکمەترکردنی ڕیزەکانی بۆ چامپیۆنزلیگ.

ئەوەی لە هەواڵەکەدا ناوی هاتووە، هەریەکە لە جاکوب رامزی و دۆگلاس لویزی یاریزانانی هێڵی ناوەندن کە هاوکات دوو لە یاریزانە کاریگەرەکانی ئونای ئێمرین لەم وەرزە.

مانگی یەنایەریش بوو کە خودی راهێنەرە ئیسپانیەکە ئەو ڕاستیە تاڵەی دووپات کردەوە کە ناچارن بۆ پابەندبوون بە ڕێساکانەوە یاریزان بفرۆشن.

ئەستۆن ڤێلا لە ئێستادا لە دوای هەفتەی ٢٧ لە پلەی چوارەم دێن بە جیاوازیی پێنج خاڵ زیاتر لە تۆنهامی ڕکابەریان بۆ پەڕینەوە بۆ چامپیۆنزلیگی ساڵی داهاتوو. بە یارییەک کەمتر بۆ سپێرس.

بابەتی زیاتر

Back to top button