ئیسپانیاگرنگترین

مەرجێکی دیکەی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید ئاشکرا کرا

یاریگا –

کیلیان ئێمباپێ دەیەوێت لەگەڵ ئەشرەف حەکیمی بەردەوامبێت لە یاریکردن.

کەناڵی ئێل چیرینگویتۆ بڵاویکردووەتەوە، کیلیان ئێمباپێی فەڕەنسی داوای لە ریال مەدرید کردووە گرێبەست لەگەڵ ئەشرەف حەکیمی هاوڕێی واژۆ بکەن.

دوای 7 ساڵ یاریکردن بۆ پاریس سانجێرمان، ئێمباپێ لە هاوینی داهاتوو ماڵئاوایی لە یانەکەی دەکات و پەیوەندی بە یانەی خەونەکانی دەکات.

سەرەڕای ئەوەی کیلیان بە گرێبەستێکی ئازاد پەیوەندی بە ریال مەدرید دەکات، بەڵام چەند مەرجێکی بۆ یانە ئیسپانییەکە داناوە.

جیا لە حەکیمی، ئێمباپێ و ماڵباتەکەی داوایان لە مێرێنگی کردووە، گرێبەست لەگەڵ ئیتان برای کیلیان واژۆ بکەن، کە ئەویش یاریزانی پاریس سانجێرمانە و هاوینی داهاتوو هاوشێوەی کیلیانی برای گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی پاریس کۆتایی دێت.

هەر بەپێی زانیارییەکانی ئێل چیرینگویتۆ، ریال مەدرید رەزامەندیی سەرەتایی دەربڕیوە و ئامادەیە برایە بچووکەکەی ئێمباپێ بگوازێتەوە ریزەکانی. بەڵام سەبارەت بە حەکیمی تا ئێستا وەڵامی مەدریدییەکان ئاشکرا نەکراوە.

ئێمباپێ و حەکیمی لە پاریس

حەکیمی لە ئەکادیمیای ریال مەدرید پێگەیشتووە، لە 2017 یاری بۆ تیپی یەکەمی یانەکە کردووە، لە 2018 بەشێوەی خواستن پەیوەندی بە دۆرتموند کرد و لە 2020 ریال مەدرید بە 43 ملیۆن یۆرۆ یاریزانەکەی بە ئینتەر میلان فرۆشت.

ساڵێک دواتر ئینتەر بە 68 ملیۆن یۆرۆ یاریزانەکەی بە پاریس سانجێرمان فرۆشت، لە پاریس لەگەڵ کیلیان دووانەیەکی مەترسیداریان لێ درووست بوو، بوون بە دوو هاوڕێی نزیکیش.

بابەتی زیاتر

Back to top button