فۆرمولا وەنگرنگترین

تیمەکانی فۆرمولا وەن ئامادەکاری بۆ قورسترین وەرز دەکەن

''ئاسان نییە 24 کێبڕکێ لە ساڵێکدا بکەیت''

یاریگا –

کێبڕکێی ئۆتۆمبێلەکان بۆ ئاڵا رەش و سپییە چوارگۆشە بچووکەکان هەموو شتێک نییە، چونکە تیمەکان رووبەڕووی دەیان ئاستەنگ دەبنەوە و ساڵ لە دوای ساڵ، ئەرکی شۆفێران قورس دەبێت.

بۆ یەکەمجار لە مێژووی فۆرمولا وەندا، 24 کێبڕکێ دەکرێن، چونکە ئەمساڵ کێبڕکێی خەڵاتی گەورەی چین دەستپێدەکاتەوە، دوای وەستانی بۆ ماوەی چوار ساڵ بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، هەروەها کێبڕکێی خەڵاتی گەورەی ئێمیلیا رۆمانیا دەستپێدەکاتەوە، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو بەهۆی لافاوەوە هەڵوەشێندرایەوە.

ئێنریکۆ گوالتێری، بەڕێوەبەری هونەری یەکەی وزەی تیمی فێراری لەبارەی ئاڵنگارییەکانی ئەم وەرزە دەڵێت

ئەمساڵ زۆرترین کێبڕکێ دەکەین و ئەمەش پێویستی بە کار و ماندووبوونێکی زیاتر هەیە، جیا لەمەش، کاتژمێرەکانی ئامادەکاری هەر وەکو خۆیان ماونەتەوە.

زۆربەی تیمەکان و خاوەن پشکەکانی کۆمپانیاکانی فۆرمولا وەن، دانیان بەوەناوە، ئەمساڵ زۆر جیاوازە و ئەستەمە بتوانن گەشت بۆ هەموو ئەندامانی تیم رێکبخەن. هەرچەندە پێویست نییە شۆفێران زوو گەشت بکەن، بەڵام تیمی پەیوەندییەکان، میکانیکییەکان و بەرپرسانی دیکە دەبێ زوو بگەنە شوێنی کێبڕکێیەکان، تاوەکو بە تەواوی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن.

کۆمپانیای پیرێلی، تایبەت بە دروستکردنی تایە، ئەندازیاری تایبەتی بۆ هەر تیمێک داناوە. ئەرکی ئەندازیارەکە کۆکردنەوەی زانیاری وردە لەسەر هۆکاری تێکچوونی دۆخی تایەکانیان، ئەم زانیاریانەش کاریگەری زۆر لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کێبڕکێیەکان دروست دەکەن. هەرچەندە پیرێلی دەزانێت، توندبوونی خشتەی کێبڕکێیەکان، کاریگەری زۆر لەسەر تیمەکان دروست دەکات.

شۆفێری تیمەکان لە کاتی کێبڕکێیەکان ژیانێکی تایبەت بەڕێ ناکەن، تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، لە دوای تەواوبوونی وەرزی رابردووی فۆرمولا وەن، جۆرج رەسڵ، شۆفێری تیمی مێرسێدێس زیاتر لە دوو شەو لە تەختی خەوی خۆی نەجووڵا و زۆرترین ماوە خەوت، ئەمەش بەهۆی ماندووبوونێکی بێوێنەی وەرزی رابردوو.

زیانەکانی ماددی بۆ هەر کێبڕکێیەک زۆرن، چونکە شۆفێران بۆ نزیکەی دوو کاتژمێر کێبڕکێ دەکەن و لە هەندێ شوێندا، پلەکانی گەرما زۆر بەرز دەبنەوە و ئەمەش کاریگەری لەسەر سیستمی ئۆتۆمبێلەکان دەکات. جیا لەمەش شۆفێران دەکەونە ژێر کاریگەرییەکی زۆر، لە هەندێ پاڵەوانیەتییدا، شوفێران نزیکەی چوار کیلۆگرام لە کێشیان لەدەستدەدەن، چونکە گەرمایەکی بێوێنەیان پێدەگات.

ماکس ڤێرستاپن، شۆفێری تیمی رێدبوڵ تیمێکی تایبەتی ئی-سپۆرتسی هەیە، لە دوای تەواوبوون و لە کاتی ئامادەکارییەکان، ڤیدیۆگەیمی راستەقینەی فۆرمولا وەن دەکات. شۆفێرە هۆڵەندییەکە پێی وایە، ئەم جۆرە ڤیدیۆگەیمانە، یارمەتییەکی زۆری بۆ بەرزکردنەوەی ئاستەکەی دەدەن.

فۆرمولا وەن پلانی فراوانکردنی ژمارەی کێبڕکێیەکانی بۆ سەرووی 24 کێبڕکێ نییە، هەرچەندە دەستکاری رۆژی بەڕێوەچوونی چەند کێبڕکێیەک کراوە، بۆ نموونە خەڵاتی گەورەی ژاپۆن زووتر دەکرێت، بۆ ئەوەی تیمەکان بتوانن ئاسانتر کەلوپەلی ئۆتۆمبێل و پێداویستییەکان بە کەشتی بگوازنەوە، بە تایبەت بۆ چین و ئوسترالیا، کە دوو کێبڕکێی گەورەی لێدەکرێن.

بەهۆی فشاری سپۆنسەری فۆرمولا وەن، بە ناچار گۆڕانکاری بە دڵی تیمە بەشداربووەکان نەکراوە، چونکە کێبڕکێی خەڵاتی گەورەی کەنەدا لە نێوان دوو کێبڕکێی وڵاتی ئەوروپی دەکرێت، ئەمەش کێشەی گواستنەوە و ئامادەکاری و جیاوازی کات بۆ تیمەکان دروست دەکات، بەڵام سپۆنسەرەکان بە مەرج ئەم گۆڕانکارییانەیان کردووە.

جیا لەمەش، بەهۆی مانگی رەمەزانەوە، گۆڕانکاری لە کاتی بەڕێوەچوونی کێبڕکێیەکانی بەحرێن و سعودیە کراوە. کێبڕکێیەکە لە رۆژی یەکشەممەوە بۆ شەممە گۆڕدراوە.

هەرچەندە بەرەوپێشچوونی زۆر لە گواستنەوەی دەریایی کراوە، بەڵام لەڕووی لۆجستییەوە تیمەکان چاویان لە باشترین چارەسەرە، تاوەکو بە خێرایی کەلوپەلەکانیان لە وڵاتێکەوە بگوازنەوە وڵاتێکی دیکە. تیمەکان ناچارن لە نێوان کێبڕکێیەکانی ئوسترالیا و ژاپۆن، نەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان و کەلوپەلەکانیان بهێڵنەوە، چونکە خەرجییەکی زۆریان دەکەوێتە سەر.

شەممەی داهاتوو کێبڕکێی وەرزی نوێ لە بەحرێن دەستپێدەکات. بڕیارە کاتژمێر 18:00 بە کاتی هەولێر، شۆفێران شریتی دەستپێکی ئەم وەرزە ببڕن.

بابەتی زیاتر

Back to top button