تێنسوه‌رزشه‌کانی دیکە

رافایل نادال نزیکە لە وازهێنانی یەکجاری

یاریگا-

رافایل نادال پێرێرا ناسراو بە رافا نادال، ئەو ناوەی زیاتر لە 20 ساڵە عاشقانی تێنسی سەرزەوی ئاشنا و تامەزرۆن بە بیستنی، نزیکە لە ماڵئاوایی کردن.

وابڕیاربوو نادال هەفتەی داهاتوو بەشداری پاڵەوانێتی دەوحە بکات لە وڵاتی قەتەر، بەڵام سێ رۆژ پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتیەکە ئەستێرە ئیسپانییەکە داوای لێبوردنی لە هاندەرانی کرد و کشانەوەی لە پاڵەوانێتیەکە راگەیاند.

رافا هۆکاری کشانەوەی لە دەوحە بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هەست بە ئاسودەیی ناکات لە کاتی یاریکردندا:

هیوام دەخواست بتوانم لە دەوحە یاری بکەم، ئەو شارەی بەردەوام هاندەرانی پاڵپشتیان کردووم، بەڵام بەداخەوە ئامادەی رکابەری کردن نیم، ناتوانم جارێکی دیکە بگەڕێمەوە بۆ ئەو شارەی کە هەرگیز یادەوەرییە جوانەکانی ساڵی 2014 لەبیرناکەم کاتێک بووم بە پاڵەوان.هەموو هەوڵی خۆم دەدەم تاوەکو بتوانم ئامادەی یارییە دۆستانەکەی لاس ڤیگاس و پاڵەوانێتی ئیندیانا وێڵز بم.

نادال لە نوێترین دیمانەی وەرزشیدا لەگەڵ کەناڵی لاسێکستای ئیسپانی باسی لەوەکرد کە چی دیکە جەستەی وەڵامی داواکارییەکانی ناداتەوە:

من هەرگیز بۆ ساتێکیش رقم لە یاریی تێنس نەبووە، تێنس زۆر شتی جوانی پێبەخشیم، بەڵام بەڕاستی بێزارم لەوەی چی دیکە جەستەم وەڵامی داواکارییەکانم ناداتەوە.

سەبارەت بەوەی حەزدەکات کوڕەکەی چ وەرزشێک هەڵبژێرێت، نادال وتی:

حەزدەکەم کوڕەکەم وەرزشێکی دیکە بکات جگە لە تێنس، سەختە بۆم کە ئەوە دەڵێم، بەڵام ئەگەر تێنسیشی هەڵبژارد ئەوە 100% یارمەتیدەری دەبم

Back to top button