ئینگلتەرا

مانچستەر کامێرا دەخاتە سەر درێسی یاریزانەکانی

بە مەبەستی قازانجی ماددی

یاریگا –

یانەی مانچستەر یونایتد پلانیان هەیە کامێرا بخەنە سەر درێسی یاریزانەکانیان لە کاتی یارییەکاندا.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پێگەی ESPNی وەرزشی، خێزانی گلەیزەرسی هاوپشکە خاوەن، بیرۆکەیان هەیە کامێرا بخەنە سەر درێسی یاریزانەکانیان تا هاندەران بتوانن لە چاوی کامێرای سەر درێسی یاریزانی دڵخوازی خۆیەوە یارییەکە و گۆشە جیاوازەکانی ببینن بە گوێرەی ئەو جموجوڵەی یاریزانەکە دەیکات لە یاریگادا.

بیرۆکەکە قازانجی ماددی لە پشتە، بەو پێیەی وەک لە زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیەدا هاتووە، هەر هاندەر و هاندەرێکی مان یو لە سەرتاسەری جیهان بیەوێت بەشداری بکات دەبێت لە بەرامبەردا بڕە پارەیەک بدات.

لە هەواڵەکەی ئێس پی ئێندا، لە زاری سەرچاوەیەک کە ناوی نەهێناوە، باس لەوە دەکات کە بیرۆکەکە مایەی سەرنجی ئێد ودواردی سەرۆکی جێبەجێکاری یانەکەیە. سەرچاوەکە وتوویەتی: “بیرۆکەیەکی گەورەیە. رەنگە هیوایەکی گەورەیش بێت کە خێزانی گلەیزەرس هەیانە و ئەمەیش سەرنجی ودواردی ڕاکێشاوە.”

هەروەها لە بارەی قازانجە ماددیە چاوەڕوانکراوەکەشیەوە، ئەو سەرچاوە دەڵێت: “تەنها بیر بکەرەوە مانچستەر چەندی دەست بکەوێت لە بکە جەماوەرییە زۆرەی لە سەرتاسەری جیهان هەیەتی، کە هەر هاندەرێک بتوانێت بڕە پارەیەک بدات تا لە چاوی کامێراکەوە ببێتە مارکۆس ڕاشفۆرد و برونۆ فێرناندێش!”

مانچستەر لەم بیرۆکەیەدا یەکەم یانە نییە، بەڵکو لە شوێنەکانی دیکە بوونی هەیە. پێشتر لە یاریی ئامادەکارییەکان پێش دەستپێکی وەرز، یوری تیلیمانسی یاریزانی ئەستۆن ڤیلا لە یاریی بەرامبەر نیوکاسڵ کامێرای بە درێسەکەیەوە جێگیر کرد و هەر ئەو کات بوو بە جێی سەرنجی هەوادارانی تۆپی پێ.

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button