فه‌ره‌نسا

ئاستە نایابەکەی ئۆبامیانگ لەگەڵ مارسیلیا خەڵاتی بەدوادا هات

یاریگا –

پیێر ئێمریک ئۆبامیانگ لەگەڵ مارسیلیا دەدرەوشێتەوە و توانی بەو ئاستەی پێشکەشی کرد لە مانگی ڕابردوو لە میانی یارییەکانی لیگ وەنی فەرەنسی، خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگ لە بەرژەوەندی خۆی یەکلا بکاتەوە.

ڕکابەرەکانی هێرشبەرە گابۆنییەکە لەو مانگەدا ئاسان نەبوون و هەریەکە لە کیلیان مباپێی فەرەنسی و ئەلیکساندەر لاکازێتی لیۆن پاڵێوراوی مانگەکە بوون کە دیسەمبەری ساڵی ڕابردوو بوو.

ئۆبا لە پێنج یاری لە دیسەمبەردا، نایاب درەوشایەوە و توانی چوار گۆڵ و چوار ئەسیستی هەبێت بۆ یانەکەی. ئەوانە و هاوکات دوو جاریش باشترین یاریزانی یارییەکان بوو.

ئەستێرە ٣٤ ساڵانییەکە دوای دوو وەرزی پڕ لە بێهوایی بە دوای یەک لە یانەکانی بارسێلۆنا و چێڵسی، هاوینی ڕابردوو بە گرێبەستێکی سێ ساڵی ڕووی کردە ئۆڵێمپیک مارسیلی فەرەنسی.

یانەکەی لە ئێستادا لە پلەی حەوتەم دێت و لە هەژدە هەفتەی خولەکەدا ٢٨ خاڵیان کۆ کردووەتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button