ئیتاڵیاگرنگترین

مۆرینهۆ بۆ لە رۆما دەرکرا ؟ چوار هۆکار

یانەی رۆما لە بڕیارێکی کتوپڕدا رایگەیاند خۆزێ مۆرینهۆ چیتر راهێنەری یانەکەیان نیە. هەرچەندە پێش ئەم بڕیارە دەنگۆیەکی ئەوتۆ نەبوو لەسەر دوورخستنەوەی بەڵام دۆخی رۆما لەم وەرزەدا گەواهی دەدەن لەسەر ئەوەی بەرپرسانی یانەکە پەلەیان نەکردووە.

کاتێک خۆزێ بڕیاریدا رۆما هەڵبژێرێت، پێی وابوو ئەزموون و ناوو دەنگی بە جۆرێکە لانیکەم ئەمجارەیان لە یانەیەکی وەک رۆما دەرناکرێت. ئەمەش پاش ئەوەی لە چێڵسی، تۆتنهام و  یونایتد سەرجەمییان بەهۆی ئەنجامی خراپ دوورخرایەوە.

مۆرینهۆ بۆ لە رۆماش دەرکرا ؟

راهێنەرە پۆرتوگالییەکە بە سەرەتایەکی بەهێز لەو یانەیە دەستی پێکرد و بە ئاشکرا یانەکە پەرەسەندنی زۆری بەخۆیەوە ئەمە وایکرد ببێتە راهێنەرێکی خۆشەویست و جێی متمانەی یانەکە. کاتێکیش تووشی شکست دەهاتن مۆرینهۆ هەمیشە دەیخستە ئەستۆی ئەوەی کە بەهۆی بێ یاریزانییەوە رکابەری یانەکانی دیکە ئەستەمە.

رۆما چاوی لەوە بوو، مۆرینهۆ ببێتە رێچکەشکێنیییان و بتوانن رکابەری یانە گەورەکانی ئیتاڵیا بکەن بۆ ناسناوەکان هەربۆیە  هاوینی رابردوو حەوت یاریزانیان گواستەوە کە ئەمە لە مێژووی گورگەکان دا بە دەگمەن بینراوە. بەڵام چەند هۆکارێک کۆتاییان بەم گەشتەشی هێنا بەم جۆرە

 

بازاڕی گواستنەوە

رۆمێلو لوکاکو، لیاندرۆ پاریدێس، ریناتۆ سانچێز، ئیڤان ندیکا، حوسام عەوار، راسموس کریستیانسن و سەردار ئەزموون لە یەک هاویندا لەسەر داوای مۆرینهۆ گوێزرانەوە بەڵام دوای تەواوبوونی یارییەکانی قۆناغی یەکەمی وەرز تەنها لوکاکو و ندیکا لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەدا دەبینران و ئەوانی دیکە گرێبەستی شکست خواردوبوون.

رۆما نەک نەیتوانی بە هاتنی ئەو یاریزانانە ئاستی بەرزبکاتەوە، بەڵکو پارساڵ لە هەمان کاتدا، نۆ خاڵ زیاتریان هەبوو. ئاستی گشتی تیمەکە و ئامارەکانیان زۆر باشتر بوو.

ئەنجام و ئامارەکان

رۆما لە کۆتا پێنج یاریدا، تووشی سێ شکست هاتووە، لە نێویاندا شکستی بەرامبەر لازیۆ و کرانە دەرەوەیان لە چارەگی کۆتایی جامی ئیتاڵیا و هەروەها دواین دۆڕان بە ئەنجامی 3-1 بەرامبەر ئەیسی میلان.

وەرزی رابردوو رۆما لە هەر یارییەک رێژەی گۆڵکردنی 1.51 بوو بۆ هەر 90 خولەکێک، لەم وەرزەدا لە هەر یارییەک 1.37 گۆڵیان هەیە.

وەرزی رابردوو  نزیک بوون لە پلەکانی پێشەوە بەڵام ئێستا پێنج خاڵ لە پلەی چوارەم دوورن.

 

هاندەران

ئەگەر هاندەرانی رۆما هاوشێوەی ساڵی رابردوو پاڵپشتی مۆرینهۆ بوونایە رەنگە یانەکە نەیتوانیایە ئەو بڕیارە بدات ، بەڵام هاندەران لەم وەرزە بە جۆرێک نیگەران بوون لەو راهێنەرە کە کار گەیشتە ئەوەی فیکەی بۆ لێبدرێت و هاهووی لێبکرێت و داوای دوورخستنەوەی بکرێت. ئەوان پێیان وایە پلانە تەکتیکییەکانی مۆرینهۆ کۆنن و بەسەرچووون، وە ئەو راهێنەرە شتێکی تازەی پێ نیە.

 

رەفتارەکانی

مۆرینهۆ بە ناوبانگە بە لێدوانە سەیروسەمەرەکانی بەڵام لە رۆما خوویەکی دیکەی زیادکرد ئەویش وەرگرتنی کارتی سوور بوو. مۆرینهۆ لە ماوەی کارکردنی لە رۆما شەش جار کارتی سووری بەڕوودا بەرزکرایەوە و سڕکرا ئەمەش زیاترە لە هەر یاریزانێکی یانەکە.  تەنیا هەفتەی پێشوو دوو جار بە کارتی سوور دەرکرا و یارییە گرنگەکەی بەرامبەر میلانی لە نێو هاندەرانەوە سەیرکرد.

Jose Mourinho sent off for Roma again after making gesture towards referee  in draw with Verona | The US Sun

ئەنجام

هەموو ئەمانە بوونە هۆکاری ئەوەی تەنانەت رۆماش نەتوانێت مۆرینهۆ وەکو راهێنەرێکی درێژخایەن ببینێت و شەش مانگ بەر لە کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی، ماڵئاوایی لێکرا. لەگەڵ ئەوەشدا گەیشتن بە دوو یاری کۆتایی ئەورووپی و بردنەوەی کۆنفرانس لیگ بۆ هەمیشە لە یادەوەری رۆما و هاندەرانیدا دەمێنێتەوە وەک دەستکەوتێکی مەزنی ئەو راهێنەرە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button