ئەرشیڤ

ئیمانوێل پێتی: لەبەر ئەم هۆکارە بێڵینگهام لە ئێمباپێ باشترە

یاریگا –

ئیمانوێل پێتی، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەکانی ئارسناڵ و بارسێلۆنا، پێی وایە کیلیان ئێمباپێ نابێتە باشترین یاریزانی جیهان تا ئەوکاتەی پاریس سانجێرمان جێنەهێڵێت، جود بێلینگهامیش ئێستا لە بەرزترین ئاست دایە.

جود بێلینگهام لە دوای پەیوەندی کردنی بە ریال مەدرید هەموو سەرنجەکانی بەلایدا خۆیدا راکێشا.

یاریزانە ئینگلیزییەکە تەمەنی تەنها 20 ساڵە، بەڵام لە یەکەم 22 یاریدا لەگەڵ یانەی ریال مەدرید، 17 گۆڵی تۆمارکردووە و 5 ئەسیستیشی هەبووە. زۆر کەس پێیان وایە ئێستا باشترین یاریزانی جیهانە و لە سەرووی کیلیان ئێمباپێ و ئێرلینگ هالاندەوەیە دوای ئەوەی بەهاکەی لە ترانسفێرمارکێت پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.

هەروەها ئیمانوێل پێتی، ئەم بۆچوونەی هەیە. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رادیۆی تۆک سپۆرت، کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا جود بێلینگهام باشترین یاریزانی جیهانە، لە وەڵامدا گوتی:

بەڵێ، چونکە ئێمە باسی ریال مەدرید دەکەین نەک پاریس سانجێرمان. “راستییەکە ئەوەیە، بێلینگهام ئەستێرەیە و هەموو شتێک کە دەستی لێدەدات دەگۆڕێت بۆ زێڕ.

پێتی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:

پاریس سانجێرمان یانەیەکی گەورەیە، بەڵام لە ئاستی ریال مەدرید و بارسێلۆنا و مانچێستەرسیتیدا نییە. دوو ساڵ لەمەوبەر یانەی ریال ئامادەبوو هەر بڕە پارەیەک بۆ ئێمباپێ خەرج بکات، بەڵام ئەو یاریزانە دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پشتی لە ریال کرد. ریال هەست دەکات کیلیان خیانەتی لێکردوون، نازانم ئەمە راستە یان نا، بەڵام گومانم هەیە جارێکی تر مەدریدییەکان ئۆفەری پێشکەش بکەنەوە. کیلیان بۆ ئەوەی ببێت بە باشترین دەبێت پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات.

ئیمانوێل پێتی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرانسا لە ساڵی 1998دا توانی ناسناوی جامی جیهانی بەدەست بهێنێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button