راپۆرتی تایبەتگرنگترین

ریال مەدرید یان لیڤەرپوول بۆ ئێمباپێ گونجاوە؟ نووسەرێکی دیاری ئیسپانی وەڵام دەداتەوە

''لە لیڤەرپوول دەبێتە پاشا و لە ریال مەدریدیش هاو-پاشا !

یاریگا و موندۆ دیپۆرتیڤۆ –

کیلیان ئێمباپێ، یەکێکە لە باشترین و یەکلاکەرەوەترین یاریزانانی جیهان و چاوەڕێی داهاتووێکی گەورەی لێدەکرێت.

خاڤیێر بۆش، رۆژنامەنووسی دیاری ئیسپانی بابەتێکی کورتی شیکاری لەسەر دۆخی ئێمباپێ لە رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ نووسیووە.

خاڤیێر لە بابەتەکەیدا روونیکردووەتەوە، ئێمباپێ بە کوڕی پاریس سانجێرمان دادەندرێت، بۆیە جێهێشتنی یانەکە بەبێ ئەوەی یەک یۆرۆ بۆ گەنجینەی سانجێرمان بڕوات، کارێکی ئەستەمە.

رەنگە چوونە دەرەوەی ئێمباپێ لە پاریس سانجێرمان ببێتە هۆکاری، درەوشانەوەی زیاتری کیلیان و بردنەوەی باڵۆن دۆر و خەڵاتی دیکەی کەسی. لە دوای گفتوگۆی چەندین ساڵە، ئیتر دەرفەتی سێیەم لەبەردەم فلۆرێنتینۆ پێرێزە، تاوەکو بەبێ بەرامبەر، کیلیان بگوازێتەوە مەدرید.

نووسەرەکە لە بەشی دووەمی گوتارەکەیدا باسی گونجاوی ئێمباپێ لە ریال مەدرید دەکات و بە لیڤەرپوولی بەراورد دەکات.

خەونی لەمێژینەی کیلیان، پۆشینی درێسی سپی ریال مەدریدە و پێی وایە ئەگەر لە مەدرید یاری بکات، دەتوانێت ئاسانتر بە نازناو و دەستکەوتەکان بگات. بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە، ڤینیسیۆس جونیۆر لە شوێنی ئێمباپێ یاری دەکات، ئایا ئەگەر ئێمباپێ بچێتە مەدرید، لە کام شوێن یاری دەکات؟ ئایا ڤینی چی بەسەر دێت؟ جیا لەمە هەمووی، بێڵینگهام ئێستا سەرکردەی یەکەمی یانەکەیە و پێشڕەوی ڤینی و رۆدریگۆ لە هێڵی پێشەوە دەکات. کیلیان نایەوێت ئەزموونی خۆی جارێکی دیکە دووبارە بکاتەوە، کاتێک لە نێوان لیۆ مێسی و نێیمار نەیتوانی بە تەنیا خۆی بسەلمێنێت و ببێتە پیاوی یەکەمی یانەکە. بۆیە لە ریال مەدرید تووشی هەمان دۆخ دەبێتەوە.

خاڤیێر بۆش گواستنەوەی کیلیان بۆ لیڤەرپوول بە بژاردەیەکی کراوە و گونجاو دادەنێت

لە لیڤەرپوول دۆخەکە زۆر جیاوازە، محەمەد سەڵاح نزیکە لە جێهێشتنی یانەکە، ئەستێرە میسڕییەکە لە حەوت ساڵی رابردوودا وەک پاڵەوانی یەکەمی یانەکە دەرکەوت و چەندین دەستکەوت و نازناوی بەدەستهێنا. خاوەندارێتی یانە ئینگلیزییەکە درک بە کاریگەری ئێمباپێ دەکات، بۆیە هەوڵی گواستنەوەی دەدات. ئێمباپێ لە لیڤەرپوول بە ئاسانی دەبێتە پاشای یانەکە و دەتوانێت سەرکردایەتی تیمەکە بکات و یاریزانی دیکەش پەلکێش بکات. ئێمباپێ دەزانێت پرێمەرلیگ زۆر لە لالیگا سەرنجڕاکێشترە.

چیرۆکەکانی دەربارەی گواستنەوەی ئێمباپێ زۆرن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەستێرە فەرەنسییەکە هیچ بڕیارێکی نەداوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button