ئینگلتەراگرنگترین

نوێترین زانیاری لەسەر پێکانەکەی جۆن ستۆنز

گورزێکی کوشندە...

یاریگا –

شەوی رابردوو لە یارییەکانی گەڕی 19ـی پرێمەرلیگ، مانچێستەر سیتی لە یاریگای گۆدیسۆن پارک بووە میوانی ئێڤەرتن، یارییەکەشی بە ئەنجامی 3-1 بردەوە.

بەڵام لە کۆتاییەکانی گێمی یەکەم گورزێکی کوشندە بەر سیتیزن کەوت کاتێک جۆن ستۆنز، بەهۆی تووشبوونی بە پێکانێکی سەخت لە پاژنەی پێیدا یاریگای جێهێشت. ئەمەش لە کاتێکدایە تازە لە دوایین پێکانی چاکبووەتەوە و هەر لەم وەرزە لە 16 یاری تیپەکەی بێبەش بووە.

پاش یارییەکە پێپ گواردیۆلا ئاشکرایکرد، کە پێکانەکەی بەرگریکارە ئینگلیزەکە لە باش ناچێت و پێشبینی ناکات پێکانێکی ئاسان بێت.

دۆخی ستۆنز لە باش ناچێت، چوونکە پێکانەکەی لە پاژنەی پێیدایە، با بزانین چی روودەدات، بەڵام هیوادارم پێکانەکەی زۆر سەخت نەبێت و بەم زووانە بگەڕێتەوە.

بلوو موون لەم وەرزە بەدەست زنجیرە پێکانێکی زۆر دەناڵینێت، کە کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ئاستی تیپەکە درووستکردووە.

هاوکات ئێرڵینگ هاڵاندی نەرویجیش بەهۆی چاکنەبوونەوەی لە پێکانەکەی، نەیتوانی بەرامبەر ئێڤەرتن یاری بکات، گواردیۆلاش ئامادە نەبوونی یاریزانەکەی لە یاری داهاتووشدا پشتڕاست کردەوە.

ئەوەی مایەی دڵخۆشی پێپە، گەڕانەوەی کێڤن دی بروینی بەلجیکییە، کە ناوەڕاستکارە تەمەن 32 ساڵانییەکە پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی گەورە و بێبەشبوونی لە سەرجەم یارییەکانی قۆناخی یەکەمی پرێمەرلیگ، لەگەڵ تیپەکەی دەستی بە مەشقەکانی کردووەتەوە.

بەڵام گوادریۆلا نایەوێت پەلە لە گەڕانەوەی بکات، بڕیاریداوە تا یاریزانەکە %100 ئامادە نەبێت یاریی پێنەکات، ئەمەش بۆ ئەوەی لە تووشبوونی بە پێکانی نوێ بیپارێزێت.

مانچێستەر سیتی لەم وەرزەی پرێمەرلیگ لە کۆی ئەنجامدانی 18 یاری، 11 یاری بردووەتەوە، 4 یاری یەکسانبووە و 3 یاریشی دۆڕاندووە، بە کۆکردنەوەی 37 خاڵ پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە، بەڵام یارییەکی دواخراوی ماوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button