ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

ریال مەدرید و بارسێلۆنا شەڕ لەسەر گرینوود دەکەن

پێنج یانە یاریزانەکەیان دەوێت

یاریگا –

ریال مەدرید و بارسێلۆنا، کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی تواناکانی مەیسن گرینوود دەکەن.

تۆڕی تۆک سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، پێنج یانەی ئەوروپی کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی تواناکانی مەیسن گرینوودی ئەستێرەی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی دەکەن.

گرینوود لە مانگی یەکی 2022ـەوە هیچ یارییەکی بۆ یانەکەی نەکردووە، لەم هاوینەش بەشێوەی خواستن پەیوەندی بە یانەی خێتافی ئیسپانی کرد.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵ پۆلیسی ئینگڵتەڕا رایگەیاند، کە گرینوود چیتر وەک تاوانبار لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ناکرێت و تۆمەتەکانی لەسەر لاچووە. ئەمەش دوای ئەوەی یاریزانەکەی مانچێستەر تۆمەتبارکرابوو بە دەستدرێژیکردنە سەر خۆشەویستەکەی و ئازاردانی.

هەرچەندە سەرجەم تۆمەتەکانی لەسەر لابرابوو، بەڵام بەهۆی فشاری رێکخراوەکانی مافی ئافرەتان و ناڕەزایەتی بەشێک لە هاندەرانی یانەکە، مەیسن نەیتوانی لەم وەرزە یاری بۆ یانەکەی بکاتەوە و بە ناچاری رووی لە ئیسپانیا کرد.

هێرشبەرە 22 ساڵانییەکە لەگەڵ خێتافی ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، لە 13 یاریدا بەشداری 7 گۆڵی کردووە، 4 گۆڵی کردووە و 3 ئەسیستیشی کردووە.

بەرزبوونەوەی ئاستی یاریزانەکە وایکردووە سەرنجی زۆرێک لە یانە گەورەکانی ئەوروپای بچێتە سەر، بەپێی تۆڕە بەریتانییەکە هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا بە وردی چاودێری گرینوود دەکەن، ئامانجیانە لە هاوینی داهاتوو گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکەن

مەیسن گرینوود لەگەڵ خێتافی

هەر بەپێی هەمان سەرچاوە، لە ئەڵمانیاش بایرن میونشن چاوی بڕیووەتە یاریزانەکە و دەیەوێت پەلکێشی ریزەکانی بکات، ئەمە جیا لەوەی هەر لە ئیسپانیا، ئاتلێتیکۆ مەدریدی دراوسێی ریال مەدریدیش خۆی بۆ یاریزانەکە ماتداوە و ئارەزووی گواستنەوەی دەکات.

جیا لەو چوار یانە گەورەی ئەوروپا، یانە بچووکەکەی شاری مەدرید خەون بەوە دەبینێت گرێبەستەکەی مەیسن لە خواستنەوە بکات بە هەمیشەیی، بەڵام ئەمەیان بەدوور دەزاندرێت بەوپێیەی یاریزانەکە ئامانجییەتی لە یەکێک لە یانە گەورەکانی ئەروروپا درێژە بە یاریکردن بدات.

گرینوود تا هاوینی 2025 گرێبەستی لەگەڵ شەیتانە سوورەکان هەیە، بەڵام گەڕانەوەی بۆ ئەو یانەیە تا ئێستا بە نادیاری ماوەتەوە، یەکلایی بوونەوەی داهاتووی یاریزانەکە بەند دەبێت بە مێرکاتۆی هاوینەی داهاتوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button