ئیسپانیا

پێدری ستایشی دوو لە هاوتیمیەکانی دەکات

یاریگا –

پێدری گۆنزالێز، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی بارسێلۆنا، پێیوایە ئامادە بوونی فرانکی دی یۆنگ و ئیلکای گوندۆگان لە پێکهاتەی ئەم تیپەدا ئەرکی رکابەرەکانیان قورستر دەکات.

پێدری لەم وەرزەدا چەند هەفتەیەک بەهۆی پێکانەوە نەیتوانی یاوەری تیپەکەی بکات، بەڵام ئێستا لەم پێکانە رزگاری بووە و جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە پێکهاتەی سەرەکی بارسێلۆنا.

چاڤی، راهێنەری بارسێلۆنا، هیوادارە لە کاتی ئامادەنەبوونی گاڤیدا، کە بەهۆی دڕانی بەستەری ئەژنۆی بۆ ماوەیەکی زۆر لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە، بتوانێت سوود لە تواناکانی پێدری وەربگرێت، بەڵام پێدەچێت پێدری دوو یاریزانیتر لە خۆی پێ کاریگەرتر بێت لەناو یاریگادا.

ئه ستێره ئیسپانییەکە له چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی فەرمی یانەی بارسێلۆنا، ستایشی تواناکانی فرانکی دی یۆنگ و ئیلکای گوندۆگانی کرد.

پێدری سەبارەت بەو دوو یاریزانە دەڵێت:

کاتێک تۆپەکە دەدەیت بە فرانکی یان گۆندوگان، ئەستەمە ئەوان تۆپەکە بفەوتێنن. بوونی ئەم دوو یاریزانە لەم تیپەدا بەڕاستی زۆر نایاب و تایبەتە بۆ ئێمە.

پێدری لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت:

بەڕاستی چێژ لە یاریکردن شانبەشانی فرانکی لە هێڵی ناوەڕاست وەردەگرم. ئەوکاتەی کە پێکان بووم و نەمدەتوانی یاری بکەم، زۆر بیری یاریکردنم لە تەنیشتیەوە دەکرد.

ئیلکانی گوندۆگانیش لەسەرەتای پەیوەندی کردنی بە بارسێلۆنا لەچەندین چاوپێکەوتن ئاشکرای کردبوو کە زۆر حەز بە یاریکردن لە تەنیشت پێدریەوە دەکات.

پێدری لەدوای 71 رۆژ دوورکەوتنەوە جارێکیتر گەڕایەوە یاریگاکان و لە یاری بەرامبەر ریال سوسێداد بۆ ماوەی 33 خولەک توانی ئامادە ببێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button