ئه‌مریکاگرنگترین

مێسی: هیچ یاریزانێک ناتوانێت بڵێت من هەموو شتێکم بە دەست هێناوە

یاریگا

نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر لیۆنێل مێسی نازناوی جامی جیهانی بەدەستهێنا و هەموو ئەو شتانەی لە تۆپی پێدا خەونی پێیەوە دەبینی بەدەستی هێنا.

ئەو جامە هەشتەمین تۆپی ئاڵتونی بۆ مێسی بەدوا خۆیدا هێنا و لیۆ دوای ناسناوەکەی مۆندیال، ئیتر شتێک نەما کە لەناو هەگبەکەی نەبێت.

لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ کەناڵی ESPN، لیۆنێل مێسی باسی لە چەندین بابەتی جیاواز کرد. باسی لە یادەوەرییەکانی مۆندیالی 2022 کرد، باسی ئەو گرژییانەی کرد کە لە نێوان خۆی و ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بەهۆی خەڵاتی باڵۆن دۆری 2022 دروست بوو، دواجاریش باسی بەردەوامی کارکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ کۆپا ئەمریکا و جیهانی داهاتوو دەکات.

مێسی لەبارەی ئەو ناسناوانەی بەدەستی هێناون دەڵێت

کەم یاریزان هەیە بتوانێت بڵێت هەموو شتێکم بردووەتەوە، سوپاس بۆ خوا من یەکێکم لەو یاریزانانە. پێش یاریی کۆتایی مۆندیال پێیانگووتم نابێت سەیری جامەکە بکەیت و دەستی لێبدەیت، بۆیە پێش یاریی کۆتایی مۆندیال دەستم لە جامەکە نەدەا! کاتێک توانیم دڵی گەلی ئەرجەنتین خۆش بکەم، بۆ من گەورەترین سەرکەوتن و دەستکەوت بوو. سەردەمانێک ئاستی من لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەم کەوتە ژێرپرسیارەوە، بەڵام ئێستا هەست دەکەم لە سەدا 95 بۆ 100 خەڵکی وڵاتەکەم منیان خۆشدەوێت و ئەمەش شتێکی باوەڕ پێنەکراوە.

لیۆ لەبارەی بەدەستهێنانی ناسناوی مۆندیالیش دەڵێت

ساڵانێک لەمەوبەر گووتم دڵنیام ڕۆژێک دەبمە پاڵەوانی جیهان. زانیم کە خودا ئەمەی دەوێت و لە دڵی خۆمدا گوتم وەرە ئەمە جامەکەیە. ئێستا دەتوانم دەستی لێ بدەم. ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر دەمەوێت لەگەڵ هەڵبژاردەکەم بم، بە تایبەت دوای ئەو هەموو ساڵە پڕ لە ئازارەی بینیم. ئەمڕۆ هەستێکی زۆر تایبەتم هەیە کە هەرگیز پێی ئاشنا نەبووم. من دەمەوێت چێژ لە هەموو شتێک وەربگرم، دەمەوێت چێژ لە مانەوەم لە ئەرجەنتین وەربگرم

مێسی لەبارەی کێشەکانی لەگەڵ لیڤاندۆڤسکی گووتی

قسەکانی لیڤاندۆڤسکی ئازاریدام چونکە کاتێک خەڵاتی باڵۆن دۆرم بردەوە، هەستی ڕاستەقینەی خۆمم دەربڕی، بەڵام شێوازی قسەکردنی لیڤا ئازاریدام. دوای ئەو هەموو چیرۆکانە یەکترمان بینی و لەسەر ئەوەکۆک بووین کە هەموو شتێک لێک تێنەگەیشتنە. ئێمە ئەم بابەتەمان تێپەڕاند، ئاخر ئەو ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسکییە. بەڵام من تووڕە بووم و پێموانییە دەبوو ئەو قسانە بڵێت. کاتێک لیڤاندۆڤسکی چووە بارسێلۆنا، باسی زۆر شتمان کرد، لە شارەوە تا یانەکە و هەموو شتێک

مێسی لە کۆتاییدا لەبارەی شێوازی ئاهەنگێڕانەکەی بەرامبەر هۆڵەندا لە مۆندیال گووتی

ئاهەنگێڕانی گۆڵەکەم بەرامبەر هۆڵەندا؟ من بە تەواوی پەشیمانم لەوە. یەکسەر دوای ئەو جوڵەیە هەستم بەناخۆشی کرد و لە دڵی خۆمدا گوتم تۆ چیت کرد؟

بابەتی زیاتر

Back to top button