جیهانراپۆرتی تایبەتگرنگترین

پێنج شوێنگرەوەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ چیان بەسەرهات؟

کریس 7 ساڵ لەمەوبەر پێشبینییەکی کردبوو...

یاریگا –

چی بەسەر ئەو پێنج یاریزانە لاوە هات، کە لە ساڵی 2016 کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێشبینیکرد شوێن پێی بگرنەوە.

لە ساڵی 2016 پێگەی BT Sport لە چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ ئەفسانەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، داواین لە یاریزانەکە کرد ناوی پێنج یاریزان بڵێت، کە پێشبینی دەکات لە داهاتوودا ببن بە ئەستێرەی گەورەتر و شوێن پێی دۆن دەگرنەوە.

رۆناڵدۆ لە وەڵامدا گوتی: ئەستێرەی زۆر هەن کە توانای بەرزیان هەیە، بۆ نمونە مارتن ئۆدیگارد، تەمەنی هێشتا 16 ساڵە بەڵام دەبێت بە یاریزانێکی گەورە، ئێدین هازارد لە چێڵسی و دیپای لە مانچێستەر یونایتد و پۆل پۆگبای فەڕەنسی و نێیمار دا سیلڤای بەڕازیلیش داهاتوویان گەش دەبێت.

پاش 7 ساڵ لەو پێشبینیەی دۆن، تۆڕی وەرزشی یاریگا، لەم راپۆرتە تایبەتە تیشک دەخاتە سەر کاروانی ئەو پێنج یاریزانە لە ساڵی 2016 تا ئێستا.

مارتن ئۆدیگارد لەگەڵ ئارسیناڵ

مارتن ئۆدیگارد: مارتن لەو کاتە تازە پەیوەندی بە ریال مەدرید کردبوو، تەمەنی تەنیا 16 ساڵ بوو، دەرفەتی ئەوەی نەبوو یاری بۆ تیپی یەکەم بکات.

یاریزانە نەرویجییەکە بەشێوەی خواستن درا بە یانەی هیرنڤین، دواتر بەهەمان شێوە یاری بۆ ڤیتێس و ریال سۆسیداد کرد، لە ساڵی 2021 گەڕایەوە مەدرید، بەڵام لە زستانی ئەو ساڵەدا ئارسیناڵ درکی بە تواناکانی کرد و بەشێوەی خواستن گواستییەوە ریزەکانی.

لە هاوین گەنەرز گرێبەستەکەی ئۆدیگاردی کرد بە هەمیشەیی، دوای ساڵیک بوو بە کاپتنی تیپەکە، ئێستاش وەک یەکێک لە باشترین ناوەڕاستکارەکانی پرێمەرلیگ یاری دەکات و رۆڵێکی گەورەی هەیە لە سەرکەوتنەکانی تیپەکەیدا.

ئێدین هازارد لەگەڵ ریال مەدرید

ئێدین هازارد: لەوکاتەدا ئەستێرە بەلجیکییەکە لە لوتکەی ئاستیدابوو، لە هاوینی 2019 بە گرێبەستێکی زەبەلاح پەیوەندی بە ریال مەدریدی ئیسپانی کرد. بەڵام پێکانە یەک لەدوای یەکەکان خۆری یاریزانەکەیان کوژانەوە و لەگەڵ مێرێنگی سەرکەوتوو نەبوو.

لۆس بلانکۆس لەم هاوینە گرێبەستی هازاردی هەڵوەشاندەوە، پاش ئەوەی هیچ یانەیەکی گەورە ئامادە نەبوو گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات، ناوبراو بڕیاریدا بە یەکجاری واز لە یاریکردن بهێنێت.

مێمفێس دیپای لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید

مێمفێس دیپای: ئەستێرە هۆڵەندییەکە پاش پەیوەندیکردنی مانچێستەر یونایتد پێشبینی زۆر شتی لێدەکرا، بەڵام دۆخەکە بەوشێوەیە نەبوو کە پێشبینی دەکرد، یاریزانەکە لەلایەن لویس ڤانگالی راهێنەری ئەوکاتی شەیتانە سوورەکان کرا بە یاریزانێکی یەدەگ.

دیپای لە هاوینی 2017 مانچێستەری بەرەو لیۆنی فەڕەنسی جێهێشت، دواتر لە تەمەنی 26 ساڵی و لە هاوینی 2021 پەیوەندی بە بارسێلۆنای ئیسپانی کرد، مانەوەی لەگەڵ بارسێلۆناش زۆری نەخایاند و لە زستانی رابردوو پەیوەندی بە ئاتلێتیکۆ مەدریرد کرد، بەڵام بەهۆی پێکانە یەک لەدوای یەکەکان لە زۆرێک یارییەکان بێبەش بووە.

پۆل پۆگبا لەگەڵ یوڤێ

پۆل پۆگبا: پۆل تەنیا چەند مانگێک لەدوای لێدوانەکەی رۆناڵدۆ بە گرێبەستێکی زەبەلاح و بە بڕی 105 ملیۆن یۆرۆ گەڕایەوە مانچێستەر یونایتد، لە ساڵی 2018 نازناوی جامی جیهانی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەڕەنسا بەدەستهێنا، بەڵام دۆخی لەگەڵ شەیتانە سوورەکاندا خراپ بوو.

ناوبراو لە هاوینی رابردوو بە گرێبەستێکی ئازاد گەڕایەوە یوڤێنتوس، بەڵام بەهۆی تووشبوونی بە پچڕانی بەستەری ئەژنۆ زۆرینەی یارییەکانی وەرزەکەی لەدەستدا. لەم وەرزەش تۆمەتبارکرا بە بەکارهێنانی ماددەی وەزەبەخش و سزای دوو ساڵ سڕکرانی بەسەردا سەپێنراوە.

نێیمار دا سیلڤا لەگەڵ هیلال

نێیمار دا سیلڤا: نێی کۆتا یاریانی لیستەکە بوو، کە رۆناڵدۆ ستایشی کردبوو، لەوساڵەدا لەگەڵ بارسێلۆنا نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنابوو، بەڵام ئەوە کۆتا جاربوو جامە دوو گوێیەکەی بەرزکردەوە.

ئەستێرە بەڕازیلییەکە لە هاوینی 2017 بوو بە گرانبەهاترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ و بە بڕی 222 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی کرد. بەڵام لەگەڵ سانجێرمان هیچ دەستکەوتێکی گەورەی بەدەستنەهێنا.

لەم هاوینە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو پەیوەندی بە هیلالی سعودی کرد، بەڵام پاش تەنیا چەند یارییەک توشی پچڕانی بەستەری ئەژنۆی بوو، لە تەواوی وەرزەکە دووردەکەوێتەوە لە یاریکردن و کاروانی وەرزشی بەرەو کۆتایی دەچێت.

کاروانی وەرزشی یەکێکیان کۆتایی هاتووە و سیانیشیان نزیکن لە کۆتایی، بەڵام تا ئێستا هیچ کامیان شوێن پێی ئەفسانە پۆرتوگالییەکەیان نەگرتووەتەوە و دۆنیان بێهیوا کردووە.

رۆناڵدۆ و پێنج باڵۆن دۆرەکەی

 

بابەتی زیاتر

Back to top button