ئیسپانیایاریگا

مۆدریچ: ئەم دەستکەوتە لەگەل ریال مەدرید باوەڕپێنەکراوە

یاریگا –

لۆکا مۆدریچ، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید، پێی وایە بردنەوەی پێنج نازناوی چامپیۆنزلیگ شتێکی باوەڕپێنەکراوە.

مۆدریچ لە دوای پەیوەندیکردنی بە یانەی ریال مەدریدەوە بووەتە یەکێک لە پارچە سەرەکییەکانی تیپەکە و لە ماوەی دەیەی رابردوودا رۆڵێکی گرنگی لە بەدەست هێنانی چەندین نازناوی چامپیۆنزلیگی تیپەکەدا هەبووە. ئێستا لە ریزی ئەو یاریزانانەیە کە لە ساڵانی 2014, 2016, 2017, 2018 و 2022 پێنج نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ ریال مەدرید بەدەستهێناوە و ناوی خۆی لە مێژووی یانەکەدا تۆمار کردووە.

ئەم ئەستێرە کرواتییە  لەو کورتە فیلمە دیکۆمێنتارییەی کە شەوی رابردوو لە تەلەفزیۆنی ریال مەدرید بۆ رێزگرتن لە رێبازە درەوشاوەکەی لەیانەکە پەخشکرا چەند لێدوانێکی سەرنجڕاکێشی دا.

ریال مەدرید:

ریال بۆ من هەموو شتێکە. ئەم تیمە بەشێکە لە ژیان و خێزانەکەم. من لە کرواتیا لەدایک بووم بەڵام لێرە هەست بە نیشتیمان دەکەم. هەمیشە سوپاسگوزارم بۆ هەموو ئەو شتانەی لێرە لە باشترین یانەی جیهان بەدەستم هێناوە.

چامپیۆنزلیگ:

پێنج نازناوی چامپیۆنزلیگ… هەرگیز ئەوەم بە خەیاڵدا نەدەهات. ئێمە درکمان بەوە نەدەکرد کە چیمان کردووە و چیمان بەدەستهێناوە. بەڕاستی ئەمە شەرەفێکی گەورە و سەرنجڕاکێشە.

باڵۆن دۆر و خەڵاتی تاکەکەسی:

درێسی یاری ژمارە 300م بەدڵە. ئەم درێسە تایبەتە بە هەمان شێوە چونکە ئەو درێسەیە کە لەبەرم کردبوو کاتێک خەڵاتی باڵۆن دۆرم بردەوە. لە نێوان درێسی پێشوو و ئەم درێسەدا نازناوی چامپیۆنزلیگم بردەوە. پاشان گەیشتینە یاری کۆتایی مۆندیال لەگەڵ کرواتیا. دواتر باشترین خەڵاتی تاکەکەسی بۆ هەر یاریزانێکی تۆپی پێم بەدەستهێنا. ئەمە خەونێک بوو کە هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە. ئەم درێسە لە دڵمدا جێگەیەکی تایبەتی هەیە.

500 یاری بە درێسی ریال:

ئەنجامدانی 500 یاری لەگەڵ ریال مەدرید رووداوێکە کە نازانم چۆن وەسفی بکەم. تەنها چەند یاریزانێک تا ئێستا توانیویانە ئەم شەرەفە بەدەست بهێنن و جێگەی خۆشحاڵی و شانازی منە کە لەنێویاندا بم.

هاندەرانی ریال مەدرید:

گرنگترین شت بۆمن هاندەرەکانن، دوای ئەو هەموو پاڵەوانێتی و خەڵاتە، ئەم هاندەرانە تاکە شتێکن کە گرنگن. هاندەرانی ریال هەمیشە میهرەبان بوون لەگەڵم. هەموو ئەو خۆشەویستییەی لێیان دەستم دەکە دڵخۆشم دەکات. هەمیشە دەمەوێت بە باشترین نمایشم خۆشەویستیەکەیان بۆ بگەڕێنمەوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button