ئیسپانیاگرنگترین

فیفا چۆن قەرەبووی ریال مەدرید دەکاتەوە؟

یاریگا –

بەهۆی پێکانی ئێدواردۆ کاماڤینگا و ڤینیسیۆس جونیۆر، فیفا چۆن قەرەبووی ریال مەدرید دەکاتەوە؟

لە پشووە نێودەوڵەتییەکانی ئەمجارە، ریال مەدرید گەورەترین زیانی بەرکەوت، بەوپێیەی بەهۆی پێکان، دوو یاریزانی سەرەکی و کاریگەری تیپەکەی لەدەستدا.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، ئێدواردۆ کاماڤینگای فەڕەنسی، لە مەشقەکانی هەڵبژاردەکەی تووشی پێکان بوو، بەو هۆیە تا مانگی یەکی ساڵی داهاتوو ناگەڕێتەوە بۆ یاریکردن.

ڤینیسیۆس جونیۆریش لە یاری نێوان هەڵبژاردەکەی بەرامبەر بە هەڵبژاردەی ئوروگوای تووشی پێکانێکی سەخت بوو، پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لە یاریکردن دابڕێت.

بەڵام فیفا چۆن قەرەبووی یانەی ریال مەدرید دەکاتەوە؟

بەپێی یاساکانی فیفا، ئەگەر لەکاتی بەڕێوەچوونی یاری هەڵبژاردەکاندا، ئەگەر یاریزانێک تووشی پێکان ببێت، ماوەی دوورکەوتنەوەی لە یاریگاکان 28 رۆژ زیاتر بخایەنێت، ئەوا فیفا قەرەبووی یانەی یاریزانەکە دەکاتەوە.

قەروبووکردنەوەکە بەپێی جۆری پێکانەکە دەگۆڕێت، فیفا زۆرترین ماوە قەرەبووی یانەیەک بکاتەوە بۆ پێکانی یاریزانێک ماوەکە 365 رۆژ دەبێت.

زۆرترین بڕە پارەش لەلایەن فیفا بۆ قەرەبووکردنەوەی یانەیەک خەرجبکرێت 7.5 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام پارەکە بەسەریەکەوە نادرێت، بەڵکاو رۆژانە 20,548 یۆرۆ دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی یانەکە.

ئەگەر پێکانەکەی کاماڤینگا 2 مانگ بخایەنێت ئەوا، فیفا بڕی 1,232,880 (یەک ملیۆن و دووسەد و سی و دوو هەزار و هەشت سەد و هەشتا) یۆرۆ قەرەبووی ریال مەدرید دەکاتەوە.

ئەگەر پێکانەکەی ڤینیسیۆسیش مانگێک بخایەنێت ئەوا فیفا پێویستە بە بڕی 616,440 (شەش سەد و شازدە هەزار و چوارسەد و چڵ) یۆرۆ قەرەبووی مێرێنگی بکاتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button