عێراقکوردستانگرنگترین

دهۆکی سەرسوڕهێنەر… دەرفەتێک بۆ چارەی برینی نەورۆز و هەولێری بریندار

رۆژی یەکەمی گەڕی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق

یاریگا –

ئەمڕۆ پێنجشەممە گەڕی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکات، لە یاریگاکانی سلێمانی، نەجەف و زەوڕا سێ یاری جیاواز بەڕێوەدەچن.

یانەی قوە جەوییە بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە، حدود و دهۆکیش هەریەکەیان بە کۆکردنەوەی 7 خاڵ پلەی دووەم و سێیەمیان گرتووە، شوڕتەش بە کۆکردنەوەی 6 خاڵ لە پلەی چوارەم دێت.

گەڕانەوە بۆ رێچکەی سەرکەوتن

لە یەکەم یاری ئەم گەڕە و لە کاتژمێر 15:00 نەورۆز میوانداری میوانێکی شاری بەسڕا دەکات، کە یانەی مینایە، نەورۆز هەوڵدەدات بگەڕێتەوە سەر رێچکەی سەرکەوتن، دوای ئەوەی لە دوو گەڕی رابردوو بەدوای یەک تووشی شکست بووە و تامی سەرکەوتنی نەکردووە.

تیپەکەی شاری سلێمانی لە 3 یاری خاوەنی 3 خاڵە و پلەی 14ی ریزبەندی خولەکەی گرتووە، لەم گەڕە دەرفەتی ئەوەی هەیە 3 خاڵی ئاسان بەدەستبهێنێت، بەو پێیەی مینا لەم وەرزە هیچ خاڵێکی بەدەستنەهێناوە، ریزبەندی کۆتایی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە.

یانەی نەورۆز

جەنگ لەپێناو چوونە پێشەنگ

لە دووەم یاری رۆژەکە، لە کاتژمێر 19:00 یانەی دهۆک لە یاریگای نەجەف، دەبێتە میوانێکی قورسی نەفتی ناوەڕاست، دهۆک دەیەوێت بەردەوامی بە ئەنجامە باشەکانی بدات و سێیەم سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەوپێیەی تیپەکەی سلێمان رەمەزان خاوەنی دوو بردنەوەیە بەرامبەر بە شوڕتە و نەورۆز و یەکسانبوونێکیش بەرامبەر بە زاخۆ.

هەر بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ بتوانن سێیەم سەرکەوتن بەدەستبهێنن بەشێوەیەکی کاتی دەچنە پێشەنگ و تاجی پاشایەتیی لە قوە جەوییە وەردەگرن.

لەلایەکی دیکە یانەی نەفتی ناوەڕاست لەم وەرزە بەدەست کۆمەڵێک گرفت دەناڵێنێت، لە ناویاندا گرفتی گەورەی دارایی کە تەنگی بە یانەکە هەڵچنیووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی تیپەکە هەبووە، لە سێ یاری رابردوو تەنیا یەک خاڵیان کۆکردووەتەوە.

یانەی دهۆک

پارێزگاریکردن لە نازناوەکە

لە سێیەم یاری ئەم گەڕە و لە کاتژمێر 21:30 شوڕتە لە یاری لووتکە میونداری هەولێر دەکات، خاوەن هەڵگری نازناوی وەرزی رابردووی خولەکە دەیەوێت سێ خاڵی زێڕین لە هەولێری رکابەری وەرگرێت و بەردەوامی بە سەرکەوتنەکانی بدات.

شوڕتە لە یەکەم یاری ئەم وەرزە بە دهۆک دۆڕا، لە دوو یاری رابردووش شکستی بە کارەبا و مینا هێناوە، دەیەوێت بە سود وەرگرتن لە پاڵپشتی هاندەرانی کۆی خاڵەکانی بەرزبکاتەوە بۆ 9 خاڵ و میوانەکەی بخاتە دۆخێکی خراپتر.

لە لایەکی دیکە هەولێر بەدەست ناجێگیری ئەنجامەکانی دەناڵێنێت، لە یەکەم یاری خولەکە بەرامبەر نەفت یەکسانبوو، لە یاری دووەم بەرامبەر قسام تووشی شکستێکی چاوەڕوان نەکراو بوو، لە یاری سێیەمیش شکستی بە کارەبا هێنا، بە کۆکردنەوەی 4 خاڵ پلەی هەشتەمی خولەکەی گرتووە.

عەباس عوبەیدی راهێنەری یانەکە درووشمی بەردەوامیدان بە سەرکەوتن دەڵێتەوە و چاوی لەوەیە سێ خاڵ لە قوڕگی شێر دەربێنێت، هەرچەندە ئەو راستیەش دەزانێت کە ئەنجامدانی ئەو کارە ئاسان نابێت بەرامبەر بە تیپێکی تۆکمەی وەک شوڕتە.

شێرکۆ کەریم

 

بابەتی زیاتر

Back to top button